سلێمانی؛ ئاسەوارێک دۆزرایەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 5000 ساڵ پێش زاین

هەواڵ / که‌لتور :: 07/06/2018‌ :: 736‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، زریان محەمەد
ئەمڕۆ 7ی حوزەیرانی 2018 شوێنەواری سلێمانی دۆزینەوەی چەند ئاسەوارێکی مێژوویی لە سنوری پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند کە لەلایەن تیمێکی فرەنسییەوە دۆزراوەتەوە.

كەمال ڕەشید، بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شوێنەواری گوندی كونارە لەلایەن تیمێکی فرەنسی كاری كنە و پشكنیی تێدا دەكرێت کە ئەو دەقە نوسراوە مێخییانەی تێیدا دۆزراوەتەوە کە مێژووەکانیان بۆ ھەزارەی سێیەم دەگەڕێتەوە.

وتیشی "تیمی زانکۆی فرەنسی 116 دەقی مێخی دۆزییەوە کە باسی ژیانی ڕۆژانەی ھاووڵاتیانی ئەو سەردەمە دەکات لەڕووی سیاسی و ئابوری و تەلارسازی".

دۆزینەوەی ئەو ئاسەوارانە لە ناوچەی بەکرەجۆ لە گردی کونارە لەساڵی 2015وە کنە و پشکنینی تێدا دەکرێت.

ئەلین تینوو، سەرۆکی تیمی کنە و پشکنین لە تیمی فڕەنسی ڕایگەیاند "گردی کونارە دوو دێی تێدایە ئەو گردە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ھەزارەی سێھەم".

ئەوەشی وت "لەئەنجامی پشکنینەکە توانیمان خانویەکی گەورە بدۆزینەوە کە دیوارەکانی دەگاتە 2 مەتر و 60 سانتیم وە کۆمەڵێک گۆزەمان دۆزییەوە کە نوسینی لەسەر بووە زۆر سەرنجڕاکێشە وە خانویەکی تر دۆزرایەوە کە درێژییەکەی 20 مەترە کە مۆرێکی تێدا دۆزراوەتەوە زۆر گرنگە وە شتی دیکەش دۆزراوەتەوە وە ئەو کەسەی لەو خانووەدا ژیاوە کەسێک بووە فەرمانڕەوا بووە لەو ناوچەیە کە لەساڵی 2015 تابلێتێک دۆزراوەتەوە باس لەو فەرمانڕەواییە دەکات".

ئەم تیمە فڕەنسیە ساڵانە کارەکانیان لەو ناوچەیە ئەنجامدەدەن و بەدوای ناوچە ئاسەوارەکاندا دەگەڕێن کە گومانیان لەوە بێت شوێنی ژیانی مرۆڤ بووبێت لەساڵانی پێش زاینی.

فلیپ کڵۆنسێ مامۆستا لەزانکۆی سۆربۆن لە پاریس کە کنە و پشکنینی لە گردەکە کردووە دەڵێت" 116 تابلێت دۆزراونەتەوە زۆربەیان ئابورین باسی ھێنان و بردنی ئارد دەکات کە ئەوە دەردەخات ئەو ناوچەیە زۆر گرنگبووە لە ڕووی ئابورییەوە لەگەڵ دێکانی دراوسێی و دەمانەوێت بزانین ناوی کەسایەتیەکان لە تابلێتەکان چیە کە نە ئەکەدی نەسۆمەرین بۆیە ئێمە دەمانەوێت بزانین ناویان چیە".

بەپێی یاسا لەدوای تەواوبونی کنە و پشکنینەکانیان تەواوی ئەو ئاسەوارانەی دۆزراونەتەوە دەبرێنە ناو مۆزەخانەی سلێمانیەوە و ھەڵدەگیرێن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە