یه‌كێك له‌ كۆنترین شوێنه‌واره‌كانى سنورى هه‌ڵه‌بجه‌ تێكده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 07/06/2018‌ :: 1053‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
بۆ گه‌ڕان به‌دواى كه‌ره‌سته‌ و شمه‌ك، له‌لایه‌ن كه‌سانى نه‌ناسراوه‌وه‌ قه‌ڵایه‌كى مێژوویى له‌ گوندێكى سه‌ر به‌ ناحیه‌ى خورماڵ تێكده‌درێت و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌كه‌ش ده‌ڵێت، به‌دواداچوونمان ده‌ستپێكردووه‌.


قه‌ڵاكه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌ شوێنه‌وارییه‌كانى سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌كه‌وێته‌ گوندى (نه‌وێ)ى سه‌ر به‌ ناحییه‌ى خورماڵ كه‌ به‌ قه‌ڵاى زوحاك ناسراوه‌ و مێژووه‌كه‌ى بۆ سه‌رده‌مى بابلییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. 

سالم غه‌ریب، شوێنه‌وارناس به‌ دواڕۆژى وت، به‌داخه‌وه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكى نه‌ناسراوه‌ و به‌بێ ئاگادارى خه‌ڵك و ئیداره‌ى ناوچه‌كه‌ هێرش ده‌كرێته‌سه‌ر قه‌ڵاكه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ به‌شێكى زۆرى ناوه‌وه‌ى تێكدراوه‌ و زیانێكى زۆریان به‌ ناو قه‌ڵاكه‌ گه‌یاندووه‌.

وتیشى، ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌م كاره‌ هه‌ستاون مه‌به‌ستى بازرگانییان هه‌بووه‌ و به‌دواى كه‌ره‌سته‌ و شوێنه‌وارى مێژوویى و كه‌له‌پوریدا گه‌ڕاون و پێده‌چێت دۆزیبێتیانه‌وه‌، چونكه‌ ئامێرى كاره‌بایى (ئێڵتى) و چه‌ند ئامێرێكى دیكه‌ به‌كارهاتوون و كاره‌كه‌شیان له‌م یه‌ك دوو رۆژه‌دا بووه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌ ته‌واوه‌تى به‌م رووداوه‌مان زانیوه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ سمكۆ سالار، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحییه‌ى خورماڵ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، ماوه‌یه‌كه‌ چه‌ند كه‌سێك له‌ شێوه‌ى باندى دزینى شوێنه‌وار و كه‌لتورى سه‌ریانهه‌ڵداوه‌ و هێرش ده‌كه‌نه‌سه‌ر شوێنه‌واره‌ مێژوییه‌كان و تێكیده‌ده‌ن و چاودێركردنیان هه‌روا ئاسان نییه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى له‌ گوندى نه‌وێ رویداوه‌ تائێستا به‌ فه‌رمى له‌لایه‌ن هیچ كه‌سێكى گونده‌كه‌وه‌ زانیاریمان پێنه‌دراوه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئه‌ركى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شوێنه‌واره‌ كه‌ بتوانێت چاودێرى پێویست بۆ شوێنه‌واره‌ مێژوییه‌كانى ناوچه‌كه‌ دابنێت و له‌ هه‌ر هێرشێك بیانپارێزێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئێمه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكارییان ده‌بین، هاوكات به‌دواداچوونه‌كانیشمان له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ین.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure