400 ملیۆن دینار بۆ قه‌رزى پرۆژه‌ى گه‌نجان ئاماده‌یه‌

هەواڵ / ئابوری :: 08/06/2018‌ :: 1666‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
به‌ڕێوەبه‌ری سندوقی پشتیوانی پڕۆژه‌ی گەنجان ئاشكرایده‌كات، نوسراویان ئاڕاسته‌ى ئەنجومەنی وەزیران کردووە کە ئەگەر ئەوان بڕیاربدەن ئامادەن پێدانی قەرزەکە دەستپیبکەنەوە، چونکە ئێستا سندوقه‌كه‌، نزیکەی 400 ملیۆن دیناری تێدایە کە هاوڵاتیان گه‌ڕاندویانه‌ته‌وه‌.


ئارام محمه‌د، به‌ڕێوەبه‌ری سندوقی پشتیوانی پرۆژەکانی گەنجان له‌وه‌زاره‌تی كار و کاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، بە دواڕۆژی راگەیاند "هەموو ئامادەكارییه‌ك کراوە و به‌نوسراوی رەسمیش داوامان له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست بكه‌ینه‌وه‌ به‌ پێدانی قه‌رزی بچوك بە گەنجان، چونکە بڕێک پارەی پێویستمان هەیە، دەتوانین پڕۆسەکە دەستپێبکەینەوە".

وتیشی "ئێستا نزیکەی 400 ملیۆن دینار لە سندوقەکەدا هەیە کە لەلایەن ئەو كەسانەوە گەڕێنراوەتەوە كە پێشتر قەرزی بچوكیان  وەرگرتبوو، بۆیە بە ئاسایی دەتوانین دەستبكه‌ینه‌وه‌ به‌ پێدانی قەرز بە گەنجان تا پرۆژەی پێدابمه‌زرێنن، به‌ڵام تائێستا وه‌ڵاممان نه‌دراوه‌ته‌وه‌" .

به‌ڕێوەبه‌ری سندوقی پشتیوانی پڕۆژەکانی گەنجان رونیکردەوە "له‌نوسراوه‌كانماندا بۆ دەستپێكردنەوەی قەرزەكە داوای هیچ بودجەیەك و بڕە پارەیەکمان نەکردوە، تەنیا ئەگەر ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی بدات ئەوا پرۆژەکە دەستپێدەکاتەوە".

ماوەی نزیکەی 3 ساڵە بەهۆی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچە پێدانی قەرز و پێشینەکان بەهاوڵاتیان وەستاون و قەرزی بچوکیش یەکێک بوو لە پڕۆژەکانی حکومەت تایبەت بە گەنجان.

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure