کۆمسیۆن دوا وادەی تۆماركردنى ناوى قه‌واره‌ سیاسییه‌كانی دیاریکرد

هەواڵ / کوردستانی :: 06/06/2018‌ :: 919‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
سبه‌ى پێنجه‌شه‌ممه‌ 7ی حوزەیرانی 2018 دواواده‌ى تۆماركردنى ناوه‌ى قه‌واره‌ سیاسییه‌كانه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و تاوه‌كو ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ش زیاتر له‌ 19 قه‌واره‌ى سیاسى ناوى خۆیان تۆماركردووه‌.


كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسى هه‌رێم واده‌ى تۆماركردنى ناوى قه‌واره‌و لیسته‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ (27 ئایار بۆ 7 ى حوه‌زیران) دیاریكردووه‌، سبه‌ى پێنجشەممه‌ش دواین وادەی تۆماركردنى ناوى قەوارەکانە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم بە دواڕۆژى ڕاگەیاند "تاوه‌كو ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 6ی حوزه‌یران 16 قەوارەی سیاسی ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردوە، پڕۆسەی تۆمارکردنی قەوارەکانیش تاوه‌كو سبه‌ى ئێواره‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و پێشبینیش ده‌كرێت ڕێژه‌كه‌ له‌ماوه‌ى ئه‌و 48 كاتژمێره‌ى ماوه‌ گۆڕانكارى به‌سه‌ردابێت".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له‌ دواى تۆماركردنى قه‌واره‌كان لە ڕۆژی 18ی حوزەیران دەستدەکرێت بە تۆمارکردنی ھاوپەیمانێتییەکان و تاوەکو رۆژی 20ی مانگ بەردەوام دەبێت.

دوێنێ 5ی حوزه‌یران كۆمسیۆن بڕیاریدا پاره‌ى تۆماركردنى قه‌واره‌ سیاسییه‌كانی له‌ 50 ملیۆنه‌وه‌ بۆ 30 ملیۆن دینار كه‌مبكرێته‌وه‌ و قه‌واره‌ی پێكهاته‌ جیاوازه‌كانى  ئه‌رمه‌ن كلدان ئاشوور له‌ 25 ملیۆنه‌وه‌ بۆ 10 ملیۆن كه‌مكرایه‌وه‌.

به‌پێى مه‌رسومێكى سه‌رۆكى حكومه‌ت كه‌ له‌ 9ى ئایار ده‌رچووه‌ و ڕۆژى یه‌كشه‌ممه‌ 30ى ئه‌یلولى 2018 هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجامبدرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure