په‌رله‌مانى كوردستان بانگهێشتى كۆمسیۆن ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 06/06/2018‌ :: 877‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى زانیارى له‌ باره‌ى ئاماده‌كارییه‌كانى كۆمسیۆن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 30ى ئه‌یلولى ئه‌مساڵ، ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامى  په‌رله‌مانى كوردستان بانگهێشتى كۆمسیۆن ده‌كه‌ن بۆ ئاماده‌بوون له‌ په‌رله‌مان.


زیاتر له‌ 13 په‌رله‌مانتارى فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ڕێگه‌ى یاداشتێكیانه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان داواده‌كه‌ن كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسى هه‌رێمى كوردستان، له‌ دانیشتنێكى په‌رله‌مانى كوردستان ئاماده‌بن، به‌مه‌به‌ستى پێدانى دواین زانیارى له‌باره‌ى ئاماده‌كارییه‌كانى كۆمسیۆن بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان.

ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى په‌رله‌مان له‌ یاداشته‌كه‌یاندا داواده‌كه‌ن، كۆمسیۆن ئه‌وه‌یان بۆ ڕوونبكاته‌وه‌ كه‌ بۆچى ڕۆژى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان به‌بێ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ده‌ستنیشانكراوه‌؟.

به‌پێى نوسراوه‌كه‌ى ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى په‌رله‌مان ئامانجێكى دیكه‌ى بانگهێشته‌كه‌یان، وه‌رگرتنى وێنه‌یه‌كى تۆمارى ده‌نگده‌رانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانه‌ بۆئه‌وه‌ى له‌ ڕاست و دروستى بكۆڵنه‌وه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ له‌ نوسراوه‌كه‌یاندا ئه‌وه‌شیانخستووه‌ته‌ڕوو، ئه‌م بانگهێشته‌ بۆ رونكردنەوەی رێككار و ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن و رونكردنەوەیه‌ سەبارەت بە تۆماری دەنگدەران، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان كە بریارە لە 30ى ئه‌یلول ئەنجامبدرێت، دوربێت لە دەستێوەردان و ساختەكاری و پێشێلی یاساكان و هەڵبژاردنێكی بێگەرد ئەنجامبدرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure