یه‌كێتی و پارتی داواى یه‌كڕیزیی ده‌كه‌ن و چوار لایه‌نه‌كه‌ش ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 05/06/2018‌ :: 1244‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
هه‌ریه‌كه‌ له‌ پارتی و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كورد به‌ یه‌كڕیزی و كۆده‌نگییه‌وه‌ به‌شداری پرۆسه‌ی سیاسی عێراق بكات، هه‌رچی چوار لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كه‌شه‌ رایده‌گه‌یه‌نن، تا ئه‌نجامی سكاڵاكانیان یه‌كلایی نه‌بێته‌وه‌ هیچ بڕیارێك بۆ به‌شداریكردن له‌ كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی عێراقدا نادە‌ن. 

یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی عێراق توانی 18 كورسی به‌ده‌ستبهێنێت، له‌ ئێستادا لیژنه‌یه‌كی پێكهێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیكترین كاتدا سه‌ردانی لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن بكات.

سەعدی پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی کوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "لیژنه‌یه‌كمان پێكهێناوه‌ بۆ سه‌ردانی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق كورسییان به‌ ده‌ستهێناوه‌". 

وته‌بێژی یه‌كێتی وتیشی "سه‌ردانه‌كانیان تایبه‌ت ده‌بێت به‌ دروستكردنی كۆده‌نگی كورد له‌باره‌ی پێكهێنان و چۆنیه‌تی بەشداریكردنی كورد له‌ حكومه‌تی داهاتووی عێراق".

سه‌عدی پیره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، سه‌ردانه‌كان له‌وانه‌یه‌ تۆزێك دوا بكه‌ون، چونكه‌ به‌شێك له‌ حزبه‌كان ده‌ڵێن تا ئه‌نجامی سكاڵاكانیان لە كۆمیسیۆن یه‌كلایی نه‌بێته‌وه‌، هیچ هه‌نگاوێكی تر نانێن، بۆیه‌ هه‌ركاتێك سكاڵاكانی ئه‌وان یه‌كلایی ببێته‌وه‌، یه‌كێتی ده‌ست به‌ سه‌ردانه‌كانی ده‌كات.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هه‌ر له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراقی به‌منزیكانه‌ له‌گه‌ڵ پارتی كۆده‌بنه‌وه‌و تاوتوێی پرسی چۆنیه‌تی به‌شداریكردنی كورد ده‌كه‌ن له‌ كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی عێراق.

هاوكات، خه‌سرۆ گۆران، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دواڕۆژ وتی "وه‌ك پارتی پێشوازی له‌ هه‌موو هه‌نگاوێك ده‌كه‌ن كه‌ ببێته‌ مایه‌ی به‌هێزبوونی كورد له‌ به‌غدا و پرسی به‌شداریكردنی كوردیش له‌ كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی عێراقی به‌لای پارتییه‌وه‌ زۆر هه‌ستیاره‌و ده‌بێت كورد ئاماده‌كاری باش بكات ئینجا بچێته‌ به‌غدا".

ده‌ڵێت "گرنگه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ر له‌وه‌ی بڕۆنه‌وه‌ به‌غدا رێككه‌وتنێكی سیاسی بكه‌ن و به‌ یه‌ك پاكێج مه‌رجه‌كانی خۆیان له‌باره‌ی به‌شداریكردن له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و حوكمڕانی عێراق بخه‌نه‌ڕوو، بۆ ئه‌مه‌ش پارتی له‌ داهاتوودا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان گفتوگۆ ده‌كات".

به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، كورد نابێت به‌بێ مه‌رج بچێته‌ به‌غدا، له‌هه‌مانكاتدا ده‌شبێت پێداگری بكرێت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی كورد.

لای خۆیەوە عومه‌ر محه‌مه‌د، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "تاوه‌كو ئێستا گفتوگۆی لایه‌نه‌كان بۆ پێكھێنانی ھاوپەیمانی له‌ به‌غداو به‌شداریكردن له‌ حكومه‌تی عێراقی بڕیاری له‌سه‌ر نەدراوە".

ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنی یه‌كگرتوو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، یەكگرتووی ئیسلامی، بژارده‌یه‌كی هه‌یه‌ بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌ك له‌ به‌غدا، به‌ڵام ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌نجامی سكاڵای لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان هه‌یه‌ له‌ باره‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقییه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تائێستا ھەرچوار لایەنی سیاسی بە ره‌سمی هیچ گفتوگۆیه‌كیان لەسەر ئەو بابەتە نەکردووە.

له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌شیان له‌گه‌ڵ شاندی پارتی و یه‌كێتی سه‌باره‌ت به‌ چوونی كورد بۆ به‌غدا ناوبراو ده‌ڵێت "له‌ داهاتوودا دیار ده‌كه‌وێت گفتوگۆ له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كێ و چۆن ده‌كرێت". 

كۆمه‌ڵی ئیسلامیش هاوشێوه‌ی یه‌كگرتوو چاوه‌ڕێی تانه‌كان ده‌كات و پێیوایه‌ تا پرسی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن یه‌كلایی نه‌بێته‌وه‌ هێشتا زووه‌ قسه‌ له‌سه‌ر به‌شداریكردن له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق بكرێت. 

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌لیم كۆیی، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ دواڕۆژی وت "كۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ سێ لایه‌نه‌كه‌ی تر كه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ناڕازین تانه‌یان له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق داوه‌، بۆیه‌ تا ئه‌و ئه‌نجامه‌ یه‌كلایی نه‌كرێته‌وه‌، جارێ زووه‌ باس له‌ پرسی به‌شداریكردنی كورد بكرێت له‌ كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی عێراق".

هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، كۆمه‌ڵ ده‌رگای گفتوگۆی له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێك دانه‌خستووه‌، به‌ڵام تا ئه‌و كاته‌ی تانه‌كان یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌و هه‌ژماری ئه‌و ده‌نگانه‌ی كۆمسیۆن بڕیاری له‌سه‌ر داوه‌ به‌ ده‌ست هه‌ژمار بكرێنه‌وه‌، ئه‌وكاته‌ كۆمه‌ڵ رایی فه‌رمی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت.

لای خۆشییه‌وه‌ ئیسماعیل نامیق، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دواڕۆژ وتی "بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی كوردستان بڕیاری پێویست دراوە".

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی ئاشكراشیكرد، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی پێویستی ئاماده‌ كردووه‌ كه‌ تایبەته‌ بە هەنگاوەكانی داهاتووی گۆڕان لە چۆنیه‌تی به‌شداریكردن لە پرۆسەی سیاسی عێراق.

ده‌ڵێت "گۆڕان پێداگری ده‌كات له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ده‌نگه‌ راسته‌قینه‌كانی خۆی، چونكه‌ به‌ روونی دیاره‌ زوڵمێكی زۆر له‌ گۆڕان كراوه‌ له‌ ئه‌نجامی ده‌نگدان". 

به‌رپرسه‌كه‌ی گۆڕان وتیشی "كورد ته‌نها یه‌ك كێشه‌ی نییه‌ گه‌ر بچێته‌وه‌ به‌غدا، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ به‌شداریكردنی كورد له‌ حكومه‌تی عێراقی ده‌بێت راسته‌وخۆ داوای هه‌موو مافه‌كانی و پێگه‌ی خۆی بكرێت له‌ ده‌سه‌ڵاتی عێراقی".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure