ئه‌گه‌ر هەیه‌ هه‌ڵبژاردنەکانى په‌رله‌مان‌و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌نجامبدرێن

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 1412‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
له‌سه‌ر داواى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان و چه‌ند لایه‌نێكى سیاسى، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌ 30ی ئه‌یلولى ئه‌مساڵدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان، هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانیش به‌ڕێوه‌بچێت، بڕیاروایە له‌ چه‌ند ڕۆژى داهاتوودا سه‌رۆكى حكومه‌ت مەرسومێک لەوبارەیەوە دەربکات.


هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە 30ی نیسانی 2014 ئەنجامدرا و دوای چوار ساڵ و لە 30ی نیسانی ئەمساڵ ماوەی ئەو خولە کۆتایی هات، له‌ ئێستاشدا هه‌رسێ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر، دهۆك و سلێمانى یاداشتێكیان له‌ باره‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان له‌مساڵدا ئاڕاسته‌ى كۆمسیۆن و سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كردوه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ، كه‌وتووه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى پارتى و فراكسیۆنی پارتى له‌په‌رله‌مانى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌ته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى پێشكه‌شكردنى پرۆژەی ئه‌نجامدانى هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان به‌یه‌كه‌وه‌.

دواڕۆژ، له‌سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زانیویه‌تى له‌ چه‌ند ڕۆژى داهاتوودا سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ رێگه‌ى نوسراو یان مه‌رسومێك وه‌ڵامى یاداشتى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان و كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسى هه‌رێم ده‌داته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ واده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان دیاریبكات كه‌ له‌گه‌ڵ ڕۆژى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانی كوردستاندا بێت.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، بۆچونێكى دیكه‌ى هه‌ندێ لایه‌نى سیاسى و به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان ئه‌وه‌یه‌ بۆ ماوه‌ى دوو ساڵى دیكه‌ له‌ڕێگه‌ى په‌رله‌مانه‌وه‌ ته‌مه‌نى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان درێژبكرێته‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ غازى عەلى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "هه‌موو ئه‌نجومه‌نه‌كانى هه‌رێم یاداشتیان ئاڕاسته‌ى كۆمسیۆن و حكومه‌ت كردووه‌، دواین جاریش ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر له‌ 21ى ئایار داواى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى كردووه‌ له‌ 30ی ئه‌یلولى ئه‌مساڵدا".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، به‌پێى یاساى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى ساڵى 2009، پێویسته‌ له‌ ماوه‌ى تێپه‌ڕبوونى  90 ڕۆژ به‌سه‌ر ته‌مه‌نى ئه‌نجومه‌ندا واده‌ى هه‌ڵبژاردن دیاریبكرێت، یاخود بڕیار له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ى بدرێت.

شێروان زرار، وته‌بێژى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسى هه‌رێم له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "یاداشتى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانیان به‌ ده‌ست گه‌یشتووه‌ و له‌ماوه‌ى ڕابردووشدا كۆمسیۆن له‌ڕێگه‌ى نوسراوه‌وە ئاماده‌یى خۆى نیشانى حكومه‌ت داوه‌ به‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى كوردستان، بۆ ئه‌مه‌ش چاوه‌ڕێى مه‌رسومى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت ده‌كه‌ین".

وتیشى "كۆمسیۆن ئاماده‌یى له‌باره‌ى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌مزوانه‌ داوایان لێبكرێت".

وابریاڕه‌ له‌ 30ى ئه‌یلولى ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure