بۆ چواره‌م رۆژ له‌سەریه‌ك نرخه‌كانی نه‌وت داده‌به‌زێت

هەواڵ / ئابوری :: 05/06/2018‌ :: 626‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ نرخه‌كانى نه‌وت بۆ رۆژى چواره‌م له‌دواى یه‌ك، به‌هۆى ئه‌گه‌رى زیادبوونى خستنه‌ڕووى نه‌وت، دابه‌زینى به‌خۆیه‌وه‌ بینى و بۆ خوار 73 دۆلار هاته‌خواره‌وه‌.

كاتژمێر 3:00 ى پاشنیوه‌ڕۆ به‌كاتى هه‌ولێر نه‌وتى خاوى برێت به‌رێژه‌ى 1.99% هاته‌خواره‌وه‌ به‌رمیلێك به‌ 73 دۆلار و 85 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا، نه‌وتى خاوى خۆرئاواى تێكساسیش (WTI) به‌رێژه‌ى 0.79% دابه‌زى و به‌رمیلێك به‌ 64 دۆلار و 24 دۆلار فرۆشرا.

له‌ئێستا مه‌ترسییه‌كى زۆر له‌ بازاڕه‌كانى نه‌وتدا هه‌یه‌ كه‌ دووباره‌ خستنه‌ڕووى نه‌وت زۆرببێته‌وه‌، به‌تایبه‌تى كه‌ به‌رهه‌مهێنانى نه‌وتى ئه‌مریكا به‌شێوه‌ى خێرا زیاد ده‌كات و وڵاتانى ئۆپێك و به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ سه‌ربه‌خۆكان سه‌رقاڵى ئه‌وه‌ن كه‌ مه‌رجه‌كانى رێككه‌وتنى كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت سوك بكه‌ن.

له‌ ناوه‌ڕاستى ساڵى 2016 به‌دواوه‌ به‌رهه‌مهێنانى نه‌وتى ئه‌مریكا به‌ڕێژه‌ى 27% زیادیكردووه‌ و گه‌یشتووه‌ته‌ 10.77 ملیۆن به‌رمیل له‌ رۆژێكدا و پێش عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ كه‌وتووه‌ كه‌ رۆژانه‌ 9.9 ملیون به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێت، هه‌روه‌ها له‌ روسیاش نزیكده‌بێته‌وه‌ كه‌ رۆژانه‌ 11 ملیۆن به‌رمیل به‌رهه‌م ده‌هێنێت.

بڕیارە 22ى ئه‌م مانگه‌ به‌رهه‌مهێنه‌رانى نه‌وت له‌ "ڤیه‌ننا" كۆببنه‌وه‌ بۆ داڕشتنى سیاسه‌تى نه‌وت و بڕیاردان له‌سه‌ر ده‌ستكاریكردنى رێككه‌وتنى كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت كه‌ كانوونى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵ كۆتایی دێت كه‌ رۆژانه‌ 1.8 ملیۆن به‌رمیلیان كه‌مكرده‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure