كۆمسیۆن پاره‌ی تۆماركردنى قه‌واره‌ سیاسییه‌كانى كه‌مكرده‌وه‌

هەواڵ / کوردستانی :: 05/06/2018‌ :: 882‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
له‌سه‌ر داواى چه‌ندین لایه‌ن و قه‌واره‌ و پێكهاته‌ى ئاینى و نه‌ته‌وه‌یى، كۆمسیۆن پاره‌ى تۆماركردنى قه‌واره‌ سیاسییه‌كانى كه‌مكرده‌وه‌ و تاوه‌كو ئێستاش ته‌نها 8 قه‌واره‌ ناوى خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان تۆماركردوه‌.


كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسى هه‌رێم واده‌ى تۆماركردنى ناوى قه‌واره‌ و لیسته‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ (27ی ئایار بۆ 7ى حوه‌زیران) دیاریكردووه‌، به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ به‌هۆى سكاڵاى هه‌ندێ لایه‌ن و پێكهاته‌ى نه‌ته‌وه‌یى و ئاینى، له‌سه‌ر نرخى تۆماركردنى ناوى قه‌واره‌كان تاوه‌كو ئێستا ته‌نها 8 قه‌واره‌ى سیاسى ناوى خۆیان تۆماكردووه‌ و كۆمسیۆنیش بڕى پاره‌كه‌ى كه‌مكردۆته‌وه‌.

به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى كۆمسیۆن هه‌ر لیست و قه‌واره‌یه‌ك ناوى خۆى بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان تۆماربكات پێویسته‌ بڕێك پاره‌ وه‌كو بارمته‌ لاى كۆمسیۆن دابنێت، له‌ ڕابردوودا هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی سیاسی ده‌بوو بڕی 50 ملیۆن دینار بداته‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، قه‌واره‌ی پێكهاته‌ جیاوازه‌كانیش بڕی 25 ملیۆن دینار، به‌ڵام ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 5ى حوزه‌یران كۆمسیۆن، بڕیاریدا پاره‌ى تۆماركردنى قه‌واره‌ سیاسییه‌كان له‌ 50 ملیۆنه‌وه‌ بۆ 30 ملیۆن دینار كه‌مبكرێته‌وه‌ و قه‌واره‌ی پێكهاته‌ جیاوازه‌كانى ئه‌رمه‌ن، كلدان و ئاشوور له‌ 25 ملیۆنه‌وه‌ بۆ 10 ملیۆن كه‌مكرایه‌وه‌.

جوتیار عادل، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى كۆمیساران هه‌واڵه‌كه‌ى بۆ دواڕۆژ پشتڕاستكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، له‌سه‌ر داواى چه‌ند قه‌واره‌یه‌ك بووه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تى زیاتر ده‌دات بۆ خۆتۆماركردنى قه‌واره‌ و لیست و لایه‌نى دیكه‌.

به‌پێى مه‌رسومێك كه‌ له 9ى ئایار ده‌رچووه‌ نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌ت بڕیاریدا رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ 30ى ئه‌یلولى 2018 هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجامبدرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure