توركیا؛ تێكڕاى هه‌ڵاوسانى نرخ به‌رێژه‌ى 12% به‌رزده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 04/06/2018‌ :: 446‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
به‌پێى ئاماره‌ فه‌رمییه‌كان له‌ مانگى ئایارى رابردوو، تێكڕاى هه‌ڵاوسان له‌ توركیادا به‌رێژه‌ى 12% به‌رزبووه‌ته‌وه‌، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ش بانكى ناوه‌ندى توركیا ناچاربكات، كه‌ دووباره‌ نرخى سووه‌كان به‌رزبكاته‌وه‌، له‌كاتێكدا مه‌ترسییه‌كى زۆر له‌سه‌ر هێزى ئابوورى ئه‌و وڵاته‌ هه‌یه‌.


په‌یمانگاى ئامارى توركیا، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 4ى حوزه‌یران له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ له‌مانگى ئایارى رابردوودا، نرخى كاڵاوشمه‌كى به‌كاربردن له‌ بازاڕدا به‌رێژه‌ى 12.6% زیادیكردوه‌، له‌ كاتێكدا له‌مانگى نیساندا به‌رێژه‌ى 10.8% به‌رزبووبوەوە.

زیادبوونى تێكڕاى هه‌ڵاوسانى نرخه‌كان، به‌هۆى مه‌ترسییه‌كانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌وه‌یه‌، كه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، بڕیاره‌ له‌ 24ى ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجام بدرێت، ئه‌وه‌ش دوودڵى زۆرى لاى وه‌به‌رهێنه‌ران دروستكردووه‌، كه‌حكومه‌تى توركیا تواناى روبه‌ڕوونه‌وه‌ى هه‌ڵاوسانى نرخه‌كانى نییه‌ و كێشه‌كانى پێچاره‌سه‌ر ناكرێت.

له‌ كۆتایی مانگى رابردووشدا سه‌ره‌ڕاى ناڕه‌زایی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا، بانكى ناوه‌ندى توركیا، بۆ پاڵپشتى به‌هاى لیره‌، رێژه‌ى سووكانى له‌ 13.5 بۆ 15.5 به‌رزكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ى به‌هاى لیره‌ى به‌رامبه‌رى دۆلارى به‌رزكردوه‌ بۆ 4.65 له‌كاتێكدا پێشتر یه‌ك دۆلار به‌ 4.95 لیره‌ مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ده‌كرا.
  



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure