هه‌ڵگرى خه‌ڵاتى نۆبڵى ئاشتى ئاماده‌یه‌ تێچوى دیداره‌كه‌ى كیم و تره‌مپ له‌ئه‌ستۆبگرێت

هەواڵ / جیهان :: 04/06/2018‌ :: 901‌ جار بینراوە
كیم جۆن ئون،ى سه‌رۆكى كۆریاى باكور و دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكا

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
هه‌ڵمه‌تى نێوده‌وڵه‌تى بۆ له‌ناوبردنى چه‌كى ئه‌تۆمى ئاماده‌یى نیشاندا بۆ له‌ئه‌ستۆگرتنى تێچووى لوتكه‌ى سه‌نگافوره‌ له‌نێوان كیم جۆن ئون-ى سه‌رۆكى كۆریاى باكور و دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكاو له‌نێویشیاندا تێچووى مانه‌وه‌ى كیم له‌ هۆتێله‌كه‌یدا.


ئه‌م پێشنیاره‌ له‌ په‌راوێزى ئه‌و راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانیانه‌دا هات كه‌ ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ده‌كرد كۆریاى باكور كه‌ له‌ رووى پاره‌ى كاشه‌وه‌ هه‌ژاره‌، ره‌نگه‌ روبه‌ڕووى گرفت ببێته‌وه‌ له‌ له‌ئه‌ستۆگرتنى تێچووى مانه‌وه‌ى سه‌رۆكه‌كه‌ى و وه‌فده‌ گه‌وره‌كه‌ى تیمى ئه‌منى و پشتیوانى یاوه‌رى له‌میانه‌ى ئه‌و لوتكه‌یه‌دا كه‌ بڕیاره‌ له‌ 12ى ئه‌م مانگه‌ له‌ سه‌نگافوره‌ ئه‌نجامبدرێت، له‌كاتێكدا وڵاته‌كه‌ له‌ لیستى گرانترین شاره‌كانى جیهاندایه‌.

هه‌ڵمه‌تى نێوده‌وڵه‌تى بۆ له‌ناوبردنى چه‌كى ئه‌تۆمى، كه‌ ساڵى رابردوو خه‌ڵاتى نۆبڵى ئاشتى وه‌رگرت، له‌ نوێترین لێدوانیدا ده‌رباره‌ى ئه‌و لوتكه‌یه‌ى بووه‌ته‌ مایه‌ى سه‌رنجى جیهان بۆ زانینى ئه‌نجامه‌كه‌ى، رایگه‌یاند ئاماده‌یه‌ پاره‌ى به‌ده‌ستهاتووی خه‌ڵاته‌كه‌ بۆ هه‌ر بوارێكى كۆبونه‌وه‌كه‌ ته‌رخان بكات تا لوتكه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت.  

ئه‌كیرا كاواساكى، به‌رپرسى هه‌ڵمه‌ته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ رایگه‌یاند، "خه‌ڵاتى نۆبڵى ئاشتى بڕێك پاره‌ى نه‌ختینه‌ له‌خۆده‌گرێت، ئێمه‌ش سه‌رفكردنى پاره‌ى خه‌ڵاته‌كه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ین بۆ دابینكردنى تێچووى كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌پێناو پشتیوانیكردنى ئاشتى له‌ نیمچه‌ دورگه‌ى كۆریا و له‌پێناو جیهانێكى دوور له‌ چه‌كى ئه‌تۆم".

كاواساكى، له‌ تۆكیۆوه‌ وتیشى "ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ مێژوییه‌ و هه‌لێكه‌ دووباره‌ نابێته‌وه‌ بۆ هاریكارى له‌پێناو جیهانێكى دوور له‌ مه‌ترسى چه‌كى ئه‌تۆمى".

پێشنیارى هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ هاوكاته‌ له‌كه‌ڵ كاركردنى بۆ كۆكردنه‌وه‌ى پشتیوانى بۆ په‌یماننامه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به‌ قه‌ده‌غه‌كردنى بڵاوه‌پێكردنى چه‌كى ئه‌تۆم كه‌ له‌لایه‌ن 122 وڵاته‌وه‌ په‌سه‌ندكراوه‌، به‌ڵام هیچ كام له‌ كۆریاى باكور و ئه‌و وڵاتانه‌ى تیانیه‌ كه‌ خاوه‌ن چه‌كى ئه‌تۆمن.

پێشتر رۆژنامه‌ى واشنتن پۆست رایگه‌یاند، سه‌رۆكى كۆریاى باكور هۆتێل فولرتون-ى ده‌ستنیشانكردووه‌ بۆ مانه‌وه‌ تیایدا له‌میانه‌ى كۆبونه‌وه‌ى لوتكه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو تێچووى به‌شى سه‌رۆكایه‌تى تیمه‌كه‌ له‌سه‌ر حكومه‌تى ئه‌و وڵاته‌ ده‌گاته‌ لانى كه‌مى هه‌شت هه‌زار دۆلارى سه‌نگافورى (6000 دۆلارى ئه‌مریكى) له‌ ته‌نها یه‌ك شه‌ودا.

پێشتر سه‌نگافوره‌ رایگه‌یاند، به‌شێك له‌ تێچووى كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆده‌گرێت وه‌ك رۆڵێك له‌پێناو ئه‌نجامدانى كۆبونه‌وه‌یه‌كى سه‌ركه‌وتوو.

به‌هاى خه‌ڵاتى نۆبڵ له‌ ساڵێكه‌وه‌ بۆ ساڵێكى تر ده‌گۆڕێت، به‌ڵام ساڵى 2017 كه‌ هه‌ڵمه‌تى نێوده‌وڵه‌تى له‌ناوبردنى چه‌كى ئه‌تۆم خه‌ڵاته‌كه‌ى برده‌وه‌، به‌هاى خه‌ڵاته‌كه‌ گه‌یشته‌ نۆ ملیۆن كرۆنى سویدى واته‌ 1.02 ملیۆن دۆلار.

س: میدیاكان
و: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure