بڕیارێکی قوباد تاڵه‌بانى له‌باره‌ى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 04/06/2018‌ :: 950‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكرایكرد، ئه‌و بڕیاره‌ى حكوه‌تى هه‌رێم ده‌ریكردووه‌ له‌باره‌ى تاپۆكردنى زه‌وى و خانوو و موڵكى هاووڵاتیانى سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و ناحییه‌كانى ده‌وروبه‌ریه‌وه‌ ده‌یخەینه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ سه‌رەتادا له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ین و گرفتێكى زۆرى هاووڵاتیانیش چاره‌ده‌كات.


عه‌لى عوسمان، پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌وه‌كاله‌ت به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند، له‌پاش ده‌رچوونی فه‌رمانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ ژماره‌ (١٦٥٨) له‌ (١٧-٤-٢٠١٨) به‌ واژۆی (قوباد تاڵه‌بانی) جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سه‌باره‌ت به‌ تاپۆكرنی خانوو و زه‌وی و كه‌لاوه‌ بێتاپۆكانی سنوری نه‌خشه‌ی بنه‌ڕه‌تی شاره‌وانییه‌كانی سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، دواى كۆبونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ڕێوشوێنى پێویستمان گرته‌به‌ر بۆ جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌ى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى وه‌ك سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى تاپۆ، پۆلیس، ئاسایش و چه‌ند لایه‌نیكى دیكه‌ى په‌یوه‌ندیدار گفتوگۆی چڕمان كردووه‌ بۆ هه‌رچی زوو جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ به‌شێوازێكی گونجاو و بۆ خزمه‌تی هاووڵاتیان، بۆ ئه‌ومه‌به‌سته‌ش به‌ كۆى ده‌نگ بڕیارماندا كه‌ له‌ ڕۆژی (٢-٧-٢٠١٨) بڕیاره‌كه‌ بخه‌یه‌نه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و هاووڵاتیان ده‌توانن سه‌ردانی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانییه‌كانیان بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستپێكردنی مامه‌ڵه‌ی تاپۆكردنی خانوو و زه‌وی و كه‌لاوه‌كانیان.

پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى وت "بۆ جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌ سه‌ره‌تا له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كانی ناو سه‌نته‌ری شاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ین و پاشان له‌ قۆناغه‌كانی دواتر گه‌ڕه‌كه‌ نوێیه‌كانیش تاپۆده‌كرێن، هاوكات هه‌ر له‌ هه‌مان ڕۆژدا (٢-٧-٢٠١٨) بڕیاره‌كه‌ له‌ سنوری ناحیه‌كانی (خورماڵ،سیروان،بیاره‌ و به‌مۆ) به‌هه‌مان شێوازى ناو سه‌نته‌ری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure