"گێچەڵی سێكسی بە ئافرەتە بیانییەكانی هەرێم دەکرێت"

هەواڵ / کوردستان :: 03/06/2018‌ :: 69468‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
گێچەڵی سێكسی و چەند جۆرێكی تری توندوتیژی بەرامبەر ئەو ئافرەتە بیانییانە دەكرێت، كە لە شارەكانی هەرێم كاردەكەن، بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت "زیاتر لە 75 ئافرەتی بیانی نێردراونەتەوە وڵاتەكانی خۆیان".


بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئافرەتان، زیاتر لە 20 ئافرەتی بیانی تووشی گێچەڵی سێكسی و لێدان و هەڕەشەو جۆرەكانی تری توندوتیژی بوونەتەوە، بەوهۆیەوە ژمارەیەكیان نێردراونەتەوە وڵاتی خۆیان. 

كوردە عومەر، بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بۆ دواڕۆژ، وتی "بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو ئافرەتانەی تووشی گێچەڵ و جۆرەكانی توندوتیژی دەبنەوە، هۆبەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ_مان دامەزراندووەو لەو هۆبەیە سەرجەم ئەو سكاڵایانە وەردەگیرێن كە لەلایەن ئافرەتانەوە تۆماردەكرێت".

وتیشی "بەهۆی كێشەی ئافرەتانی بیانی لەهەرێم، چەند جۆرێكی توندوتیژی دژ بە ئافرەتانی بیانی لە ماڵان كراوەو بەشێكی تریشیان كاتێك هاتوونەتە هەرێم خۆیان كێشەیان هەبووە، بۆیە لەو ماوەیەدا زیاتر لە 75 ئافرەتی بیانی نێردراونەتەوە وڵاتەكانی خۆیان".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure