پێدانی بڕوانامەی ئایزۆ دێتە سلێمانی

هەواڵ / ئابوری :: 03/06/2018‌ :: 1112‌ جار بینراوە

دواڕۆژ،زریان محەمەد
پەیمانگایەک لەشاری سلێمانی پێدانی بڕوانامەی ئایزۆ دەھێنێتە شاری سلێمانی کە دەتوانرێت کۆمپانیاکان و خاوەن کارەکان سودی لێوەرگرن.


غه‌ریب ساڵح، به‌رێوبه‌ری په‌یمانگای نۆستڵجیا بەدواڕۆژی راگه‌یاند ''ئایزۆ واتا بڕوانامه‌ی پێوانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك داواكاری هه‌یه‌، هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌ك بیه‌وێت، ببێت به‌خاوه‌نی (ئایزۆ) ده‌بێت به‌ پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كار بكات، ئایزۆ ١٥ جۆری هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا له كوردستاندا پێویسته‌ هه‌بێت و ده‌بێته‌ هۆی گه‌شه‌كردنی كه‌رتی بازرگانی و پیشه‌سازی بریتیه‌ له‌ ئایزۆی كوالێتی مه‌نجمێنت سیسته‌م''.

ڕاشیگەیاند ''كاتێك ده‌زگایه‌ك ده‌بێته‌ خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ئایزۆ ده‌توانێت له‌گه‌ڵ كۆمپانیا و ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان په‌یوه‌ندی هه‌بێت و متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ست ده‌هێنیت كاره‌كانی ده‌باته‌ چوارچێوه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ زیاتر كه‌رتی بازرگانی و پیشه‌سازی كوردستان ده‌باته‌ پێشه‌وه‌''.

لەئێستادا بەشێک لە کۆمپانیاکان ھەبوونی ئەم بڕوانامەیە بەگرنگ دەزانن و ژووری بازرگانیش پشتوانی لەو پرۆژەیە دەکات بۆ پێشخستنی کاری کۆمپانیاکان.

عابد ئەحمەد، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كارگێری ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی بەدواڕۆژی راگه‌یاند ''یه‌كێك له‌ كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری خاوه‌نكاران و پیشه‌سازانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن بگه‌نه‌ ئه‌م جۆره‌ بڕوانامانه‌ به‌تایبه‌تی ئایزۆ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ چه‌ندین ساڵه‌ كێشه‌و گرفتمان هاورده‌كردنی شتومه‌كی كوالێتی نزمه‌ ئه‌گه‌ر كۆمپانیاكان خۆیان ببن به‌خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ئایزۆ ئۆتۆماتیكیه‌ن ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت''.

  ئه‌ندامه‌كه‌ى ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی وتیشی ''زۆر گرنگه‌ ئه‌و كۆمپانیا و كارگانه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆیان هه‌یه‌، ببن به‌خاوه‌نی ئه‌م بڕوانامه‌یه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانیان، ئه‌و كۆمپانیا و ئۆتیل و ریستورانتانه‌شی كه‌ خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌ن، پێویسته‌ خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ئایزۆ بن له‌بواری  ئیداره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ئاست و كوالێتی كاره‌كان به‌رزبكه‌نه‌وه‌''.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure