"هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له‌ئارادایه‌"

هەواڵ / عێراق :: 04/06/2018‌ :: 1653‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
په‌رله‌مانتارێكی كورد رایده‌گه‌یه‌نێت، دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق به‌ كراوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌ و ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن و لابردنی نۆ ئه‌ندامه‌كه‌ی كۆمسیۆن هه‌یه‌.

 
موسه‌ننا ئه‌مین، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند، رۆژی چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق جاریكی تر تایبه‌ت ده‌كرێت به‌ پرسی ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و هه‌فته‌ی رابردووش هه‌ر له‌به‌ر پرسی هه‌ڵبژاردن دانیشتنه‌كه‌ به‌ كراوه‌یی هێڵدراوه‌ته‌وه‌. 
 
سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو وتیشی "ئه‌گه‌رى بڕیاردانیش هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ته‌واوى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن و هه‌ر نۆ ئه‌ندامه‌كه‌ی كۆمسیۆن".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ دانیشتنى داهاتوودا خوێندنه‌وه‌ بۆ پرۆژه‌یاساى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان و كۆمسیۆن ده‌كرێت، ره‌نگه‌ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌كه‌ په‌سەند بكرێت. 

لەماوەی 10 رۆژی رابردوودا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سێ  كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا و نەیتوانى ڕێژەی یاسایی بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومه‌نەکە بەدەستبهێنێت و رۆژی دووشەممەی رابردووش بە ئامادەبوونی 165 ئەندام دانیشتنی نائاسایی سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی ئەنجومەنی نوێنەران گرێدا و لە دانیشتنەکەدا پڕۆژە بڕیارێک پەسەندکرا، سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کە بەپێى بڕیارەکە پێویستە لە سەدا 10ى دەنگی سندوقه‌كان هەژماربکرێنەوه‌. 

له‌وباره‌یه‌وه‌ موسه‌ننا ئه‌مین روونیكرده‌وه‌، ئەگەر هاتوو لە 25%ی دەنگە جیاکراوەکان بە دەست جیاوازی هەبوو، لە نێوان جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی و دەستی، ئەوا پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدەدرێت.

ناوبراو ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو، ئه‌و بڕیارەی كۆمسیۆنی عێراق له‌ باره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌دان وێستگه‌ی ده‌نگدان ده‌ریكردووه‌ ژماره‌یه‌ك كورسی ئه‌و لایه‌نانه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌ كه‌ ته‌زویریان كردووه‌ و له‌به‌رامبه‌ردا كورسی بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ زیاد ده‌بێت كه‌ ده‌نگیان دزراوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure