كێشه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ چاره‌سه‌رده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 03/06/2018‌ :: 700‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌هۆی ناكۆكی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، تائێستا ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ پێكنه‌هێنراوه‌ و سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش ده‌ڵێت "به‌پڕۆژه‌یه‌ك کێشەی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ چاره‌سه‌رده‌كه‌ین".


هه‌رچه‌نده‌ له‌ 30ی نیسانی 2014، هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌هه‌رێم ئه‌نجامدرا، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ پێكنه‌هێنراوه‌.

ئامانج ره‌حیم، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "لەگەڵ کۆمەڵێک دڵسۆز و خەمخۆری ھەڵەبجە سەرقاڵی گەڵاڵەکردنی پڕۆژەی جیاکردنەوەی بازنەی سەربەخۆین بۆ دەنگدەرانی پارێزگای ھەڵەبجە، جیاواز لە سلێمانی تاوەکو لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان ھەڵەبجە ببێتە خاوەنی ئەنجومەنی پارێزگای سەربەخۆی خۆی".

وتیشی "کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن فەرمانگەی پارێزگای ھەڵەبجەی بۆ ھەڵبژاردن و ڕاپرسی دامەزراندوە و دەستبەکاربووە، ئه‌مه‌ش كێشه‌كه‌ ئاسانتر ده‌كات".

هه‌رچه‌نده‌ تاوه‌كو ئێستا هیچ واده‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێم دیارینه‌كراوه‌، به‌ڵام لایه‌نه‌كان داوایان كردووه‌ له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی تری عێراق هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێم له‌ مانگی 12ی ئه‌مساڵدا ئه‌نجامبدرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure