جه‌نگى بازرگانى نێوان ئه‌وروپا و ئه‌مریكا چه‌ند رۆژێكى ماوه‌

هەواڵ / ئابوری :: 03/06/2018‌ :: 481‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
وه‌زیرى دارایی فره‌نسا، هۆشداریدا له‌ هه‌ڵایسانى جه‌نگى بازرگانى له‌ نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا و وڵاتانى یه‌كێتى ئه‌وروپا و داواى له‌ واشنتنیش كرد كه‌ رێگه‌ له‌ هه‌ڵایسانەکە بگرێت، به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بڕیارى سه‌پاندنى باجى گومرگ له‌سه‌ر هاورده‌ى ئاسن و ئه‌له‌منیۆم بۆ ئه‌مریكا.

برونو لو میر، وه‌زیرى دارایی فره‌نسا له‌كۆنفرانسێكى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند "ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا چه‌ند رۆژێكى له‌به‌ردامدا ماوه‌، رێگه‌ بگرێت له‌ هه‌ڵایسانى جه‌نگى بازرگانى له‌ نێوان خۆیی و وڵاتانى یه‌كێتى ئه‌وروپا".

راشیگه‌یاند "پێویسته‌ له‌سه‌ر واشنتن گرژییه‌كان كه‌مبكاته‌وه كه‌ سه‌پاندنى تاریفه‌ى گومرگ به‌سه‌ر هه‌نارده‌ى ئاسن و ئه‌لمنیۆمى وڵاتانى ئه‌وروپا بۆ ئه‌مریكا دروستیكردوه‌".

لومیر له‌ كۆبونه‌وه‌ى وه‌زیرانى كۆمه‌ڵه‌ى جى7 كه‌ له‌ ناوچه‌ى "ویسلر" له‌ بریتانیا سازكرابوو، به‌ رۆژنامه‌نوسانى وت "هێشتا بوار هه‌یه‌ چه‌ند رۆژێك له‌به‌رده‌م ئه‌مریكادا ماوه‌ رێگه‌ بگرێت له‌ هه‌ڵایسانى جه‌نگى بازرگانى و جه‌نگه‌كه‌ش كۆى وڵاتانى جى7 ده‌گرێته‌وه‌".

له‌هه‌نگاوێكدا بۆ پاراستنى پیشه‌سازیی ناوخۆى وڵاته‌كه‌ى، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا، تاریفه‌ى گومرگى سه‌پاند به‌سه‌ر هاورده‌ى ئاسن و ئه‌له‌منیوم له‌ وڵاتانى ئه‌وروپا و ئه‌وه‌ش وڵاتانى ئه‌وروپاى نیگه‌ران كرد، هه‌ڕه‌شه‌ى وه‌ڵامدانه‌وه‌ و سه‌پاندنى تاریفه‌ى گومرگ ده‌ده‌ن له‌سه‌ر هاورده‌ له‌ ئه‌مریكاوه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure