لەبارەی خەتەنەی نێرینەوە پێشنیازێك دەدرێتە پەرلەمانی دانیمارك

هەواڵ / جیهان :: 04/06/2018‌ :: 488‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
گروپێكی دانیماركی پێشنیازێكی ئامادە كردووە بۆ هاووڵاتیان كە بەپێی ناوەڕۆكەكەی كەمترین تەمەنی نێرینە بۆ بڕیاردان لەسەر خەتەنەكردن 18 ساڵ بێت.

 

گروپەكە توانیویەتی واژۆی 50 هەزار دانیماركی كۆبكاتەوە كە بەهۆكاری ناتەندروستی مرۆڤ لەتەمەنی 18 ساڵ بەرەو سەر خەتەنە بكرێـت.

 

دوای كۆكردنەوەی ئەو واژۆیانە، ژمارەی پێویست بەردەست بووە تا پێشنیازەكە بنێردرێتە پەرلەمانی دانیمارك و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێـت.

 

لینا نیهۆس لەگروپی (ئینتاكت دانیمارك) بەئاژانسی ئەسیۆشێتد پرێس-ی راگەیاندووە، گروپەكەیان برەو بە منداڵان دەدات و پێیانوایە دەبێت رێز لەمافی تاك بگیرێت، بەوەی كاتێك گەیشتە تەمەنی 18 ساڵی بڕیار بەدەست خودی خۆی بێت.

 

وتیشی "مەبەستی ئەوان ئەوەیە كەسی پێگەیشتوو دوای 18 ساڵ خۆی بڕیاربدات لەوەی خەتەنە بكرێت یان نا".

 

بەپێی راپرسییەكی كەناڵی (تی ڤی 2)ی دانیماركیش، 83% ی خەڵكی ئەو وڵاتە پشتیوانی لەبیرۆكەی ئەوە دەكەن مرۆڤ لەدوای 18 ساڵییەوە بڕیاربدات خەتەنە بكرێت یان نا و پێش ئەو تەمەنە هیچ كەسێكی تر بڕیار لەوە نەدات خەتەنە بكرێت.

 

خەتەنەكردن لای موسڵمان و یەهودەكانی جیهان كارێكی رێگەپێدراوە، بەپێی سەرچاوە میدیاییەكانی دانیمارك، پێناچێت پێشنیازەكە دەنگی پێویست بهێنێت، بەهۆی ئەوەی هیچ كام لەحزبە دانیماركییەكانی ناو پەرلەمان لەگەڵی نین.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure