سبه‌ی چه‌كی پاره‌ی گه‌نمی جوتیاران دابه‌شده‌كرێت

هەواڵ / ئابوری :: 02/06/2018‌ :: 2348‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ئاشكرایده‌كات، بەشێک لە چه‌كی پاره‌ی جوتیاران گه‌شتووەته‌ سایلۆی هه‌ولێرو داواش له‌ جوتیاران ده‌كات، سەردانی سایلۆکە بکەن بۆ وەرگرتنی چەکی پارەکانیان.


 ئیبراهیم عەبدولحەمید، بەڕێوەبەری سایلۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2ی حوزه‌یرانی 2018، به‌دواڕۆژ راگه‌یاند ئەو جوتیارانه‌ی لە (25-5-2016 تا 5-6-2016 ) گەنمیان رادەستی سایلۆکانی هەولێر، مەخموور و بنکەکانی شەماک و گردەڕەشە کردووە، پێویسته‌ رۆژی یەکشەممە 3-6-2018، سەردانی سایلۆی هەولێر بکەن بۆ وەرگرتنی چەکی پارەکانیان.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هه‌فته‌ی پێشوو بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان رایگه‌یاندبوو، بڕی 30 ملیار دیناری پارەی قەرزی گەنمی جووتیارانی شاری هەولێر گەیشتووە، ئەو پارەیە بەسەر 17 هەزار جووتیاردا بە چەند قۆناخێك لە رۆژی سێشەممە 29-5-2018ـەوە لە بانكی حەمرینی شاری هەولێرەوە دەست بەدابەشكردنی دەكرێت.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی وەزارەتی لە بازرگانی هەرێمی كوردستان ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردبوو، ئەو پارەیە قەرزی گەنمی ساڵی 2016 یه‌، پێشتریش جوتیارانی سلێمانی بڕی 18 ملیار، جووتیارانی دهۆكیش بڕی 22 ملیار دیناری قەرزی گەنمی ساڵی 2016ـیان پێدراوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure