داوای كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 02/06/2018‌ :: 3145‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
13 ئه‌ندامی فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نن، به‌زاندنی سنوری هه‌رێم له‌لایه‌ن سوپای توركیا مەترسیە بۆ سەر ئاسایشی هەموو خاک و خەڵکی کوردستان و ده‌ڵێن "پێویستە پەرلەمان مەسئولیەتی سەرشانیان راپەڕێنن بۆ ناچارکردنی تورکیا لە چۆڵکردنی ئەو ناوچانە".
 

ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ئه‌وه‌شیان خستووه‌ته‌ڕوو، لە ساڵانی رابردوودا و تا ئەم ساتەوەختە چەندینجار نوێنەرانی گەل لەپەرلەمانی کوردستان بانگەوازمان ئاراستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە پەرلەمان و حکومەت و حزبە حوکمڕانەکان و دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی عیراق کردوە کە رێگری بکەن لە هەنگاوەکانی سنوربەزاندنی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم، بەڵام بەدەنگەوە هاتن نەبووە.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كه‌ن دەوڵەتی تورکیاش قۆناغ لە دوای قۆناغ پێگەی خۆی لەناو قوڵایی خاکی کوردستان لە دانانی چەندین سەربازگەو مۆڵگەو جەندرمەخانە قایمتر دەکات، تا گەیشتووه‌تە ئەو ئاستەی جەندرمەی تورکیا لە گوندەکانی پارێزگای هەولێر مانۆڕو نمایشی سەربازی دەکەن، وەک ئەوەی ئەوان خاوەن ماڵ بن.

ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ده‌شڵێن "لە رێگەی ئەم راگەیەنراوەوە ئەم مەترسیە بۆ سەر ئاسایشی هەموو خاک و خەڵکی کوردستان رادەگەیەنین و پێویستە هەموو لایەک هەڵوێستی جدی و راشکاویان هەبێت بۆ قبوڵنەکردنی ئەم ستەم و داگیرکاریەو دەرکردنی سوپای بێگانە لەخاکی هەرێم و بێنەدەنگ بەرامبەر پێشێلکردنی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان".

داواش ده‌كه‌ن، لایەنە سیاسییەکان بە راشکاوی دژی سیاسەتی تورکیا بوەستنەوەو سەربەخۆیی ئیرادەی خۆیان بپارێزن و نەکەونە داوی مەرامی داگیرکەرانی کوردستانەوەو پێویستیشە پەرلەمانی کوردستان بەخێرایی دانیشتنی نائاسایی بکات و بانگەوازی دونیا بکا بۆ بەهاناوەهاتنی کوردستان و حکومەت و لایەنەکانی کوردستانیش رابسپێردرێت بە راپەڕاندنی ئەرکی پارێزگاری لە کوردستان، بەتایبەتیش جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە (۳۷) ساڵی ۲٠٠۳ کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی سوپای تورکیا لەناو خاکی کوردستان.

ده‌ڵێن "لەساڵانی رابردوو چەندین جار وڵاتی تورکیاو ئێران بەبیانووی نالۆژیکی ئاسمان و زەمینی کوردستانیان بەزاندوەو خەڵکی سڤیلیان کردووه‌تە ئامانج و گوندنشینانیان دەربەدەرکردوە".

بانگەوازیش بۆ حکومەت و پەرلەمانی ئیتحادی و هەرێم دەکەن مەسئولیەتی سەرشانیان راپەڕێنن بۆ ناچارکردنی تورکیا لە چۆڵکردنی ئەو ناوچانەی بۆی هاتوون و داواش لە کونسوڵخانەی وڵاتان لەهەولێرو نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن رۆڵیان هەبێت لە پارێزگاریی کوردستان.

هۆشداریش ده‌ده‌ن، ئەوەی روویداوە لە رابردوودا داگیرکارییەکی شاراوە بووەو ئەوەی ئێستا روودەدات لە مانۆڕی سەربازی تورکیا دەستپێکی راگەیاندنی داگیرکاریی ئاشکرای هەرێمی کوردستانەو لێدانە لە ئیرادەی زیندووی گەل کە قبوڵی داگیرکاری ناکات.

ئاشكراشیده‌كه‌ن، ئیرادەی سیاسی و حوکمڕانی کوردستان چاوپۆشی کردوەو دەیکات لەو زوڵم و داگیرکاریە، پێویستە گەلەکەمان وشیارتربێ و بەهەموو میکانیزمێکی خەباتی مەدەنی و چالاکی سیاسی لەناوەوەو دەرەوەی کوردستان دژی ئەم پێشێلکاریانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان بوەستنەوە.

کۆمەڵێک لەپەرلەمانتارانی کوردستان
۱_ سالار مەحمود
۲_ عەلی حمەساڵح
۳_ ئەبو کاروان
٤_ گەشە دارا حەفید
٥_ بێستون فایەق
٦_ نەجیبە شێخ لەتیف
۷_عومەر عینایەت حمەسعید
۸_ بەهار عەبدولرەحمان
۹_ د رێواز فایەق حسێن
۱٠_ د شێرکۆ حمەئەمین
۱۱_ ئەبوبەکر هەڵەدنی
۱۲_ شکریە ئیسماعیل مستەفا
۱۳_ عەبدولرەحمان عەلی



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە