سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى سبه‌ى ئه‌نجامدانى كۆنگره‌ تاوتوێده‌كات

هەواڵ / کوردستانی :: 02/06/2018‌ :: 939‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادی
وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایدەگەیەنێت، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیەك بوو كە چۆن لایەنە سیاسییەكان بەشداربن لە حكومەتی عێراق و ده‌شڵێت، لە كۆبونەوەی سبەینێشدا باس لە بەستنی كۆنگرە دەكەین.


سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانى كوردستان ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2ى حوزه‌یرانى 2018 بە دواڕۆژی راگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەكردایەتی یەكێتی باس لە ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی كوردستانی كرا كە چۆن بتوانین هەرێمی كوردستان لە حكومەتی عێراقدا بەشداربێت.

وتیشی "بۆ ئەو مەبەستە یەكێتی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییە كوردییەكان كۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی وەرەقەیەك ئامادەبكەین كە پێكبێت لە بەرنامەی كاری هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەكان لە بەغدا".

بڕیاره‌ سبه‌ینێ جارێكى تر سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى كۆببێته‌وه‌ و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ وتەبێژه‌كه‌ی مەكتەبی سیاسی ئاماژەی بەوەشكرد، لە كۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی سەركردایەتی هاوكات لەگەڵ چەند پرسێكی تر باس لە كۆنگرەی یەكێتی و كات و چۆنیەتی بەستنی دەكەین.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure