نوێنه‌ری په‌یه‌ده‌ له‌ ئه‌سینا: یۆنانییه‌كان له‌خراپترین دۆخیشدا پشت له‌كورد ناكه‌ن

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 03/06/2018‌ :: 1072‌ جار بینراوە
ئیبراهیم موسلم

دواڕۆژ، نه‌زیر عه‌لی 
له‌چاوپێكه‌وتنێكی دواڕۆژدا، دكتۆر ئیبراهیم موسلم، نوێنه‌ری پارتی یه‌كێتی دیموكرات (په‌یه‌ده) له‌ ئه‌سینا-ی پایته‌ختی یۆنان، ئەوە رووندەكاتەوە كە نزیكه‌ی  30 هەزار كورد له‌ یۆنان كۆچبه‌رن و به‌شێك له‌و كۆچبه‌ره‌ كوردانه‌ كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو له‌ دورگه‌ی (مه‌تلین) كه‌وتنه‌ به‌ر هێرش و پەلاماردران، گوازراونەتەوە  بۆ‌ كه‌مپی (مه‌له‌كاسا) له‌ ئه‌سینا.


دواڕۆژ: دۆخی ئه‌و كۆچه‌ره‌ كوردانه‌‌ چۆنه‌ كه‌ 25ی مانگی رابردوو له‌ دورگه‌ی (مه‌تلین) كه‌وتنه‌ به‌ر هێرشی عه‌ره‌به‌كان؟
ئیبراهیم موسلم:
دۆخی ئه‌و كوردانه‌ زۆر خراپه‌، چونكه‌ له‌ كه‌مپی (مۆریا) كه‌وتنه‌ به‌ر هێرشی عه‌ره‌به‌كان، بۆیه‌ حه‌زناكه‌ن جارێكی دیكه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌مان شوێن. ئێستا ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵێكی خۆمان خستوەته‌‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی شوێنێكی گونجاو بۆ ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ بدۆزینه‌وه‌، خۆشبه‌ختانه‌ حكومه‌تی یۆنان به‌ هاندانی ئێمه‌ هات و 2ی ئه‌م مانگه‌ 161 له‌و كۆچه‌به‌رانه‌ی گواسته‌وه‌ كه‌مپی(مه‌له‌كاسا) كه‌ نزیكه‌ی 30 كیلۆمه‌تر له‌ ئه‌سینای پایته‌خت دووره‌.

دواڕۆژ: ئێستا چه‌ند كۆچبه‌ری دیكه‌ی كورد له‌وانه‌ی كه‌وتبوونه‌ به‌ر هێرش، له‌ (مه‌تلین) ماون؟
ئیبراهیم موسلم: نزیكه‌ی 600 كۆچبه‌ری دیكه‌ ماون، دۆخی ئه‌وان زۆر خراپه‌، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی یۆنان بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ش به‌رده‌وامه‌. ئێستا حكومه‌ت له ئه‌سینا له‌ ‌شوێنێكی گونجاو ده‌گه‌ڕێت بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ كه‌ له‌هه‌مانكاتدا كارێكی زۆر سه‌خته‌ بۆ وڵاتی یۆنان، چونكه‌ دۆخی ئابوریی  ولاته‌كە زۆر خراپه‌، به‌ڵام یۆنانیه‌كان له‌ خراپترین دۆخیشدا پشت له‌ كورد ناكه‌ن و هاوكارییان ده‌كه‌ن.

دواڕۆژ: ژماره‌ی كۆچبه‌رانی كورد له‌ یۆنان نزیكه‌ی چه‌نده‌؟
ئیبراهیم موسلم: هیچ ژماره‌یەكی فه‌رمی و دڵنیاكراو له‌به‌ر ده‌ستی ئێمه‌ نییه‌، به‌ڵام ده‌زانین نزیكه‌ی 30 هەزار كۆچبه‌ری كورد له‌ یۆنانن و زۆربه‌یان كوردی رۆژئاوای كوردستانن دوای ئه‌وانیش كوردی باشور و باكوری كوردستانن.

دواڕۆژ: ئایا كورده‌كانی باشور و رۆژئاوای كوردستان له‌گه‌ڵ یه‌ك ده‌ژین؟ په‌یوه‌ندییان چۆنه‌؟
ئیبراهیم موسلم: به‌ڵێ له‌گه‌ڵ یه‌ك ده‌ژین و هیچ جیاوازییەكیان له‌ نێوان خۆیاندا دروستنه‌كردووه‌، ژماره‌ی كورده‌كانی باشور كه‌متره‌ بۆیه‌ زۆربه‌ی جار كورده‌كانی رۆژئاوا هاوكارییان ده‌یكه‌ن.

دواڕۆژ: له‌ ناو كورده‌كان كێ هاوكاری و  كاری رێكخستن بۆ كۆچبه‌ران ده‌كات؟
ئیبراهیم موسلم: (ناوه‌ندی رۆشنبیریی كورد) كاری رێكخستن و چالاكی و ئاهه‌نگی بۆنه‌كان ده‌كات، له‌ رووی سیاسیه‌وه‌ ئێمه‌ وه‌كو نۆێنه‌رایه‌تی په‌یه‌ده‌ له‌گه‌ڵ پارت و حكومه‌تی یۆنان داوای هاوكاری و پشتیوانیی بۆ كۆچبە‌رانی كورد ده‌كه‌ین.

دواڕۆژ: هه‌ڵوێستی حكومه‌ت و گه‌لی یۆنان به‌رامبه‌ر كورد چۆنه‌؟
ئیبراهیم موسلم: ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستی حكومه‌تی یۆنان بێت بۆ كورد ده‌یكات، له‌هه‌مانكاتدا یۆنانیه‌كان زۆر به‌ چاوی سۆزه‌وه‌ ته‌ماشای كورد ده‌كه‌ن، گه‌لی یۆنان ده‌ڵێت"مافی كورده‌ ببێته‌ خاوه‌ن وڵاتی سه‌ربەخۆ‌".

دواڕۆژ: ژماره‌یه‌كی باش له‌ بازرگانی كورد له‌ وڵاتی یۆنان ده‌ژین، ئایا ئه‌وان هاوكاریی كۆچبه‌ران ده‌كه‌ن؟
ئیبراهیم موسلم: به‌داخه‌وه‌، ساڵانی رابردوو به‌هۆی دۆخی خراپی ئابوریی یۆنان، بازرگانه‌كانی كورد وڵاتی یۆنان به‌جێهێشت و ژماره‌یه‌كی كه‌م ماون، له‌هه‌مانكاتدا ژماره‌ی كۆچبه‌ران یه‌كجار زۆره‌، بۆیه‌ هاوكاریكردنیان ئه‌سته‌مه‌.

دواڕۆژ: ئایا ئه‌و كۆچبه‌رانه‌‌ پاره‌ له‌ حكومه‌ت یان رێكخراوه‌كان وه‌رده‌گرن؟
ئیبراهیم موسلم: كۆچبه‌رانی كورد ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌ یۆنانن، پاره‌ له‌ حكومه‌ت وه‌رناگرن، ته‌نیا رێكخراوی سڤیل پاره‌ ده‌ده‌نە به‌شێك له‌ كۆچبه‌ران، ئه‌و پاره‌یه‌ش مانگانه‌ له‌ نێوان 100- 400 یورۆ-یه‌.

دواڕۆژ: هه‌وڵدانی ئێوه‌ بۆ باشتركردنی دۆخی ئێستای كۆچبه‌رانی كورد چی ده‌بێت؟
ئیبراهیم موسلم: هه‌وڵه‌كانی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ فۆرمی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچبه‌ران بۆ هاوكاریكردنی كورده‌كان به‌رده‌وامه‌ و له‌هه‌مانكاتدا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی یۆنان دانوستانمان هه‌یه‌ كه‌ شوێنی گونجاوتر بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ كۆچبە‌رانی كورد دابین بكه‌ین.

دواڕۆژ: كۆچبه‌ران به‌ته‌مای چین؟ له‌ یۆنان ده‌مێننەوە یان روو له‌ وڵاتێكی دیكه‌ی ئەروپا ده‌كه‌ن؟.
ئیبراهیم موسلم: ئێمه‌ حه‌زناكه‌ین هیچ كوردێك كۆچبه‌ربێت، بۆیه‌ داوای ئێمه‌ له‌م كۆچبه‌رانه‌ ئه‌وه‌یه‌ جارێكی دیكه‌ بگه‌ڕێنه‌ كوردستان.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure