له‌ چاوه‌ڕوانى خێزانه‌ راسته‌قینه‌كه‌یدا ناوى خۆى ده‌گۆڕێت

هەواڵ / کوردستان :: 02/06/2018‌ :: 3292‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
(مریەم باروتجیان) یەكێك لە منداڵە دۆزراوەكانی هەڵەبجە كە بە (هاوناز ئەحمەد) ناسرابوو دوای ئەوەی دەركەوت هاوناز نییە، لە ئێستادا ناوی خۆی ناوە (ژیان هەڵەبجەیی).


مریەم بە دواڕۆژی وت، دوای ئەوەی زیاد لە سێ‌ ساڵ لە چاوەڕوانی دۆزینەوەی خێزانە راستەقینەكەمدا بووم، بەڵام بەداخەوە نەك هەر خێزانەكەم نەدۆزییەوە بەڵكو جارێكی تر ونكرامەوە و لەلایەن دادگاوە ناسنامە و بەڵگەكانیشم لێوەرگیرانەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ دادگا روون بۆوە من (هاوناز) نیم ئەمەش زۆر كاریگەری كردوەتە سەر ژیان و دەرونم.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ ئەوەی هیوایەك بۆ بەردەوامیدان بە ژیان بۆ خۆم بگێڕمەوە و بەسەر كێشە و گرفتەكانمدا سەركەوم، بڕیارمدا كە ناوی خۆم بنێم (ژیان هەڵەبجەیی) ئەوەش وەك دەستپێكردنی ژیانێكی نوێ‌ و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی ئاواتەكانم كە خۆی دەبینێتەوە لە دۆزینەوەی خێزانە راستەقینەكەم، بۆیە داوادەكەم كە لەمەودوا هەموو هاوڵاتیان بە ژیان هەڵەبجەیی بانگم بكەن، چونكە من (هاوناز) نیم.

ژیان هەڵەبجەیی، دوای ئەوەی وەك یەكێك لە منداڵە دۆزراوەكانی هەڵەبجە ناوی تۆماركرا، لە مەراسیمێكی تایبەتدا لەساڵی 2015 وترا كە ناوی راستەقینەی هاوناز ئەحمەدە و كچی گێلاس ئەحمەدە، بەڵام دواتر گومان لەسەر ئەنجامی ئەو پشكنینانە دروستبوون و لە مانگی رابردوشدا دادگای سلێمانی بڕیاری كۆتایی لەسەر دۆسیەكەیدا، كە مریەم هاوناز نییە، به‌ڵام منداڵێكی دۆزراوەی هەڵەبجەیە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە