لەسەر کێشەی زەوی و زار 20 کەس کوژراون

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 03/06/2018‌ :: 10058‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
به‌هۆى زیادبوونى كێشه‌ى زه‌وی به‌رده‌ڵان له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر و  تۆماركردنى سه‌دان سكاڵاى یاسایى پارێزگارى هه‌ولێر لێژنه‌یه‌كى باڵاى پێكهێنا، لەهه‌رچوار پارێزگاکەش 20  کەس کوژراون.

په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ساڵى 2008 یاساى ڕێكخستنى مافى ده‌ستكارى زه‌وى و زارى كشتوكاڵى په‌سه‌ندکرد، به‌ڵام به‌هۆى جێبه‌جێنه‌كردنى ئه‌و یاسایە له‌ماوه‌ى ڕابردوودا ژماره‌یه‌ك كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى ڕوویانداوه‌و له‌ماوه‌ى سێ مانگى ڕابردووشدا له‌ هه‌رچوار پارێزگاى هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانى و هه‌ڵەبجه‌ زیاتر لە 20 كه‌س كوژراون و ژماره‌یه‌ك كه‌سیش برینداربوون.

به‌پێى یاسای ژماره‌ (117)ى ساڵى 1970 به‌ بڕیارێك زۆربه‌ى زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانى جوتیارانى ده‌شتى هه‌ولێر له‌ زه‌وى كشتوكاڵییه‌وه‌ گۆڕدراون به‌ زه‌وى به‌رده‌ڵان، به‌ڵام له‌ ئێستاشدا به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌شێك له‌و زه‌وییه‌ به‌رده‌ڵانه‌ كه‌ موڵكى حكومه‌ته‌ و له‌لایه‌ن جوتیارانه‌وه‌ بۆ كارى له‌وه‌ڕدارى به‌كارده‌هێنرێت، له‌ ئێستادا به‌شێوه‌یه‌كى نایاسایى لەلایه‌ن كه‌سانێك ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌ و  ده‌كێڵرێت و به‌مه‌به‌ستى كشتوكاڵى به‌كارده‌هێنرێت، ئه‌مه‌ش بوەته‌ هۆى زیادبوونى كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.  

پارێزگاى هه‌ولێریش لیژنه‌یه‌كى باڵاى به‌ سه‌رۆكایى خودى پارێزگار پێكهێناوه‌، به‌مه‌به‌ستى یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى ئه‌و سكاڵایانه‌ى كه‌ به‌هۆى داگیركردنى زه‌وى به‌رده‌ڵان له‌سنوورى سه‌رجه‌م قه‌زا و ناحیه‌كان تۆماركراوه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، به‌هۆى مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانى كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ سنوورى هه‌ر قه‌زا و ناحیه‌یەكى پارێزگاى هه‌ولێر، چه‌ند لیژنه‌یه‌كى لاوه‌كى و باڵا له‌ پارێزگارو قایمقام و به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ و وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و ناوخۆ و دارایى و موختار و كه‌سه‌یاتى گونده‌كان پیكهێنراوه‌، به‌مه‌به‌ستى ڕێگریكردن له‌ ڕووداوى كوشتن و چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشانه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ زه‌وى به‌رده‌ڵانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ماوه‌ى 3 مانگدا.

له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌وزاد هادى پارێزگارى هه‌ولێر، به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "ژماره‌یه‌كى زۆر سكاڵا له‌لایه‌ن  ژماره‌یه‌ك جوتیار و مه‌ڕدار له‌سنوورى قه‌زا و ناحیه‌كان گه‌یشتوون به‌وه‌ى زه‌وى به‌رده‌ڵان كه‌ موڵكى حكومه‌ته‌ به‌ڵام  لەلایه‌ن خه‌ڵكانێك كێڵدراوه‌ ، چونكه‌ به‌ كێڵانى ئه‌م زه‌وییانه‌ ئاژه‌ڵدار و جوتیاران زه‌رەرمه‌ندده‌بن و شوێنێك بۆ له‌وه‌ڕى مه‌ڕوماڵاتیان نامێنێت و جگه‌له‌وه‌ش ئه‌م كاره‌ به‌ زیاده‌ڕه‌وى بۆسه‌ر موڵكى حكومه‌ت داده‌نرێت".

لاى خۆیه‌وه‌ عەبدوڵا خه‌یلانى، به‌ڕێوەبه‌رى گشتیى پۆلیسى هه‌رێم، ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات، به‌شێك له‌و كێشانه‌ى كه‌ به‌به‌رده‌وامى و ڕۆژانه‌ ده‌چێته‌ پۆلیس و دادگاكان به‌ تایبه‌تى له‌ سنوورى قه‌زا و ناحیه‌كان په‌یوه‌ندى به‌ كێشه‌ى زه‌وى و زاره‌وه‌ هه‌یه‌، به‌شێك له‌ كێشه‌كانیش به‌شێوه‌ى عه‌شایرى له‌ده‌ره‌وەى دادگاكان چاره‌سه‌رده‌كرێن.

ده‌شڵێت "یاساى زه‌وى و زار به‌هۆى زۆرى كێشه‌كان به‌ ئاسانى جێبه‌جێناكرێت، پێویسته‌ گۆڕانكارى تێدابكرێت وحكومه‌ت لیژنه‌ى تایبه‌ت دروستبكات".

ئه‌یوب عەبدوڵا، ئه‌ندامى لیژنه‌ى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، جوتیارانى سنورى قه‌زاى ده‌شتى هه‌ولێر یاداشتێكیان پێشكه‌شكردووه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ یاسای ژماره‌ 117ى ساڵى 1970 له‌و كاته‌دا بڕیارێك ده‌رچوه‌ كه‌ زۆربه‌ى زۆرى زه‌وى كشتوكاڵى سنورى قه‌زاى ده‌شتى هه‌ولێر كراوه‌ته‌ به‌رده‌ڵان و له‌ موڵكى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵه‌وه‌ كراوه‌ به‌ موڵكى وه‌زاره‌تى دارایى به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ئه‌وان رووبه‌ڕووى كۆمه‌ڵێك گرفتى جۆراوجۆر بونه‌ته‌وه‌.

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد، پێویسته‌ هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌تى دارایى و وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، دەبێت موڵكایه‌تى له‌ نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كه‌ بگۆڕن یان  وه‌كو لیژنه‌ پڕۆژه‌یاسایه‌ك ئاڕاسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بكه‌ن و له‌ڕووى یاساییه‌وه‌ بڕیارێكى بۆ ده‌ربكرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure