گێچه‌ڵ به‌ ئاواره‌كان ده‌كرێت

هەواڵ / عێراق :: 01/06/2018‌ :: 958‌ جار بینراوە

تاگ :: ئاواره‌

دواڕۆژ
ژماره‌يه‌ك ئاواره‌ى پارێزگاى ئه‌نبار سكاڵاى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ له‌لايه‌ن هه‌ندێك لايه‌نى ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ گێچه‌ڵيان پێده‌كرێت، له‌به‌رامبه‌ر ره‌زامه‌نديدان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌يان.


عارف محه‌مه‌د يه‌كێك له‌ ئاواره‌كانى پارێزگاى ئه‌نباره‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌ياند "له‌ شوێن و ناوچه‌‌كه‌ى خۆمان به‌هۆى بۆردومانى پێش ئازادكردنه‌وه‌ ئاواره‌ بووين، ئێستا وێڕاى ئازادكردنى ناوچه‌كه‌مان به‌ته‌واوى له‌ ده‌ستى داعش، ناتوانين بگه‌ڕێينه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ندێك لايه‌نى ده‌سه‌ڵاتدار له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ى پارێزگاى ئه‌نبار  داواى پاره‌مان لێده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ره‌زامه‌ند نه‌بين و پاره‌ نه‌ده‌ين، ئه‌وان يه‌كسه‌ر تۆمه‌تى ناڕه‌وامان بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن".

عه‌زيزه‌ خزه‌ير ته‌مه‌ن 68 ساڵ, کە ئاوارەیەکی تری سنورەکەیە، به‌ دواڕۆژى وت "تۆشى سه‌رسوڕمان بوين كاتێك ناوى مێرده‌كه‌مان له‌ ليستى داواكاركراواندا بينرا، له‌ كاتێكدا مێرده‌كه‌م 10 ساڵ پێش ئێستا كۆچى دوايى كردووه‌".

ئه‌و بێوه‌ژنه‌، جه‌ختيشى كرده‌وه‌ "مێرده‌كه‌م به‌هۆى نه‌خۆشييه‌وه‌ كۆچى دوايى كردووه‌، دانانى ناوه‌كه‌شى له‌ ليسى داواكراواندا ته‌نها بۆ گێچه‌ڵ پێگێڕانه‌ و هيچى تر، داواى بڕه‌ پاره‌يه‌كمان لێده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ره‌زامه‌ندى بده‌ن له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ شوێنى خۆمان.

 لاى خۆيه‌وه‌ ته‌ها عه‌بدولغه‌نى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى ئه‌نبار به‌دواڕۆژى راگه‌ياند،  ئه‌و جۆره‌ هه‌لومه‌رجانه‌ تاكه‌ كه‌سين، هه‌ندێك به‌رپرسانى ده‌زگا ئه‌منييه‌كان پێى هه‌ڵده‌ستن، بێگومان حكومه‌تى خۆجێيه‌تى ئه‌نبار  به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ى ئۆپه‌راسيۆنه‌كانه‌ چاودێرى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن، بۆ دياريكردنى ئه‌و حاڵه‌تانه‌ و لێكۆڵينه‌وه‌ لێيان و سزادانى ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌و پرسه‌دا تێوه‌گلاون.

دەشڵێت "چه‌ند كه‌سێك ده‌ستگيركراون، كه‌ سه‌ربه‌ ده‌زگا ئه‌منييه‌كانن، كه‌ گێچه‌ڵيان به‌ ئاواره‌كان كردووه‌، پێش ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شوێنى خۆيان".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure