په‌یوه‌ندى به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌
پارتى گۆڕانكاریی له‌ پۆسته‌ حزبييەکانی سنورى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجامده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 01/06/2018‌ :: 1854‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، مه‌كته‌بى سیاسى پارتى چه‌ند گۆڕانكارییه‌ك له‌ به‌رپرسى لقه‌كانى پارتی-دا ده‌كات له‌ سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین.  


به‌ گوێره‌ى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ فه‌رمانى مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى ئه‌و حزبه‌، بڕیاریداوه‌ به‌ دانانى (به‌سام عه‌لى) كادیرى پێشكه‌وتووى پارتى له‌ پۆستى به‌رپرسى لقى 12ى پارتى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ جێگه‌ى ( فازیل به‌شاره‌تى) به‌رپرسى ئێستاى لقى 12 كه‌ له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حزبه‌یه‌.

هه‌ر به‌ گوێره‌ى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، ئه‌و گۆڕانكارییه‌ په‌یوه‌ندى به‌ كه‌مبوونه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانى پارتى دیموكراتى كوردستان-ه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كه‌ له‌ 12ى مانگى ڕابردوو به‌ڕێوه‌چوون.

له‌و باره‌یه‌وه‌ عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن، وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "پارتى هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵى گۆڕانكارى و نوێبوونه‌وه‌دا بووه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌رنامه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانى چه‌ند گۆڕانكارییه‌ك له‌ پۆسته‌ حزبییه‌كانى سنورى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداركانى گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین".

وتیشى "ئێمه‌ش زانیاریمان هه‌یه‌ كه‌ له‌ جێگه‌ى (فازیل به‌شاره‌تى) (به‌سام عه‌لى) داده‌نرێت، به‌ڵام هێشتا به‌ نوسراوى فه‌رمى ئه‌و گۆڕانكارییه‌مان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌".

له‌ باره‌ى هۆكارى ئه‌نجامدانى ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ له‌ سنوره‌كه‌دا، به‌رپرسه‌كه‌ى پارتى ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو "وه‌ك خۆ ئاماده‌كردنه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان كه‌ وابڕیاره‌ له‌ 30/9/2018 به‌ڕێوه‌بچن".

لاى خۆیه‌وه‌ فازیل به‌شاره‌تى، به‌رپرسى ئێستاى لقى 12ى پارتى دیموكراتى كوردستان و ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى به‌ دواڕۆژى وت "منیش بیستومه‌ كه‌ پارتى گۆڕانكارى له‌ به‌رپرسى چه‌ند لقێكى سنورى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجامده‌دات، ئه‌وه‌ش به‌ واتاى نوێبونه‌وه‌ و گه‌شه‌كردنى زیاتر دێت، بۆیه‌ وه‌ك خۆم ئاماده‌م پارتى هه‌ر بڕیارێك بدات جێبه‌جێى بكه‌م و هه‌ر ئه‌ركێكیشم پێ بسپێرێت وه‌ك پۆلیسێكى پارتى ڕایده‌په‌ڕێنم".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure