حكومەتی عێراق دوو بڕیاری گرنگی لەبارەی هەڵەبجەوە دەركرد

هەواڵ / کوردستان :: 01/06/2018‌ :: 625‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
حكومەتی عێراق رەزامەندی دەربڕی بازاڕێكی تایبەت بە گەنم بۆ هەڵەبجە بكاتەوە و فۆڕمی خۆراكی ئەو پارێزگایەش بكاتە سەربەخۆ.


پارێزگاری هەڵەبجە ئاشكرایكردووە، وەزارەتی بازرگانی عێراقی ڕەزامەندی لەسەر نوسراوێكیان دەربڕیوە كە داوایان كردووە هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق و هەرێم بازاڕێكی تایبەت بە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەڵەبجەش بكاتەوە، هاوكات ڕەزامەندیشیان دەربڕیوە پسوڵەی خۆراكی دانیشتوانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە سەربەخۆ بێت.

عەلی عوسمان، پارێزگاری هەڵەبجە ئەمڕۆ هەینی 1/6/2018 لە لێدوانێكی تایبەتیدا بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا نوسراوێكی فەرمیمان ئاڕاستەی وەزارەتی بازرگانی عێراقی كرد كە هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق و هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە بكەن، دواجار ئەمڕۆ ئاگادار كراینەوە كە وەزارەتی بازرگانی وەڵامێكی ئەرێنی هەبووە بۆ داواكارییەكەمان".

ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەتی بازرگانی عێراقی ڕەزامەندییان دەربڕیوە بە كردنەوەی بازاڕی تایبەت بە وەرگرتنی 18 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە كە لە ساڵی ڕابردوودا تەنها هشت هزار تۆن گەنم لە جوتیارانی سنورەكە وەرگیرا، بۆیە ئەمە دەستكەوتێكی گرنگە و ئاسانكارییەكی زۆریش بۆ جوتیاران دەكات لە ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان و مامەڵەكردن وەك جوتیاری پارێزگایەكی سەربەخۆ.

پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، هەر لەو نوسراوەی ئاڕاستەی وەزارەتی بازرگانی عێراقییان كرد بوو، داوایان كردبوو كە پسوڵەی خۆراكی دانیشتوانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە جیابكرێتەوە و وەك پارێزگایەكی سەربەخۆ مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، "بۆیە خۆشبەختانە ڕەزامەندی لەسەر ئەو داواكارییەشمان دراوە لە ڕۆژانی داهاتوودا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم كاری جدی دەكەین بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە كە لەبەرژەوەندی حكومەتی هەرێم و دانیشتوانی سنوری پارێزگای هەڵەبجەدان".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure