سه‌رۆكایه‌تى كۆمار له‌باره‌ى مشتومڕى سه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان هاته‌ده‌نگ

هەواڵ / عێراق :: 31/05/2018‌ :: 433‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى رونكردنه‌وه‌یه‌كى سه‌باره‌ت راگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن و قسه‌كانى دادگاى فیدراڵى له‌باره‌ى  دانیشتنی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەران لە رۆژی ٢٠١٨/٥/٢٨ و كۆمێته‌ى پێكهاتوو له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌خاته‌ڕوو، جه‌خت ده‌كاته‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تى كۆمار شتیوانیی هیچ فراکسیۆن و لایەنێکی سیاسیی هاوبەش یان بایکۆتکاری هەڵبژاردنەکان ناكه‌ین.

ده‌قى راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ :

بۆ رونکردنەوەی هەڵوێستی سەرۆکایەتی کۆمار پەیوەست بەوەی لە ئارادایە سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و قسەکردنی لەگەڵ دادگای فیدراڵیی لەبارەی دانیشتنی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەران لە رۆژی ٢٠١٨/٥/٢٨ و کۆمیتەی پێکهاتو لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڵبژاردنەکان ئەم خاڵانە دەخەینە رو:

- بەڕێز سەرۆک کۆمار سەرۆکی دەوڵەت و سیمبولی یەکێتیی نیشتمانی وڵاتە و نوێنەرایەتیی سەروەریی وڵات دەکات و چاودێریی زامنکردنی پابەند بون بە دەستور دەکات، بەمەش لێپرسراوێتیی بەدواداچون و چاودێریی کردن دەکەوێتە سەرشانی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ هەر شتێک کە دژی پرەنسیبەکانی دەستور و قانونە کارپێکراوەکان و پرۆسەی بنیاتنانی دیموکراسیی دەوڵەت و دامەزراوەکان بێت. لەم روانگەیەوە بەڕێز سەرۆک کۆمار بە بایەخەوە بەدواداچونی کردوە بۆ ئەوەی کە لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیران رویانداوە.
بۆیە سەرۆکایەتیی کۆمار قسەی لەگەڵ دادگای فیدراڵیی کردوە بەو پێیەی لایەنی قەزایی بەرپرسیارە بۆ شیکردنەوە و لێکدانەوەی دەستور، ئەوەش رێز گرتن بوە لە دەسەڵاتی دادوەریی و پابەندیی بوە کە لایەنی سەرەکییە لە پاراستنی قانون و جێبەجێکردنی.

- لە میانەی بەدواداچون لەوەی کە لە دانیشتنە نائاساییەکەی ئەنجومەنی نوێنەران رویداوە، خانە گومانییەک دروست بوە کە بەستن و بەڕێوەچونی ئەو دانیشتنە و ئەو بڕیارەی کە تیایدا دراوە دەستوریی نەبوە بە پشت بەستن بە دەقی مادەی (61)ی دەستور. چونکە هەڵوەشاندنەوە و پوچەڵکردنەوەی بەشێک یا هەمو ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەن نییە ئەوەش بە قانونی تایبەت رێکخراوە و مادەی (49) ی دەستور ئاماژەی بۆ کردوە، هاوکات قانونی ژمارە ۱۱ی ساڵی ۲٠٠۷ ی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان شێوازی تانەدانەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی دیاریکردوە کە لەرێی پەنا بردنە بۆ دەسەڵاتی دادەوەریی، بەمەش کارەکەی ئەنجومەنی نوێنەران خۆ لەقەرەدانە لە پرەنسیبی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دەستوەردانە لە پسپۆڕیی و ئەرکەکانی دەسەڵاتی دادوەریی.

- رێکارەکەی ئەنجومەنی نوێنەران کە دانیشتنە نائاساییەکەی بەکراوەیی هێشتوەتەوە ناکۆکە لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی کەپێشتر ئەمەی یەکلایی کردبوەوە کاتێک بڕیاری دابو کە هێشتنەوەی دانیشتنەکە نادەستورییە بەگوێرەی هەردو بڕیاری (55 ی فیدراڵیی/2010) و (56/فیدراڵیی/2010).

- دەربارەی بڕیاری ژمارە 198 ساڵی 2018 ی ئەنجومەنی وەزیرانیش لە دانیشتنە نائاساییەکەی رێکەوتی 24/5/2018ی تایبەت بە پێکێنانی کۆمیتەیەکی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرپێچیی و پێشێلکارییەکان کە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکەدا رویان داوە، نوسینگەی سەرۆک کۆمار پرسیاری لە دادگای فیدراڵیی کردوە کە ئەو کۆمیتەیە تاچەند دەستورییە چونکە باوەڕوایە کۆمیتەکە و کارەکانیشی دژ بە پرەنسیبەکانی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و حوکمەکانی مادەی (80) ی دەستورن، دەستوەردانی ئەنجومەنی وەزیرانیشە لە کارێک لەدەرەوەی دەسەڵاتەکانی خۆی. لەم روەوە ئاماژە دەکەین بۆ مادەی (8/هەشتەم) لە قانونی ژمارە (11) ی ساڵی 2007ی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کە بەدق دەڵێت (نابێت بڕیارە کۆتاییەکانی ئەنجومەنەکە ئیستیناف بکرێتەوە تەنیا لەبەردەم دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکاندا نەبێت).

- پێشتر سەرۆکایەتیی کۆمار چەندین پێشێلکاریی دەستوریی بەرپەچ داوەتەوە و لای دادگای باڵای فیدراڵیی تانەی داوە لە نادەستوریی بونی چەندین قانون و بڕیار هەمو ئەوانەش لەو کاتانەدا بوە کە سەرۆکایەتیی چاودێریی هەر پێشێلکارییەکی دەستوریی یا سنوردار کردنی ئازادییەکانی کردوە.

- سەرۆکایەتیی کۆمار بەیەک چاو دەڕوانێتە هەموان و سەرپەرشتیی پرۆسەی دیموکراسیی دەکات و چاودێریی ئاڵوگۆڕی بە ئاشتیی دەسەڵات دەکات و پشتیوانیی هیچ فراکسیۆن و لایەنێکی سیاسیی هاوبەش یان بایکۆتکاری هەڵبژاردنەکان ناکات.

- سەرۆکایەتیی کۆمار رەتی ناکاتەوە و تەئکیدیشی ناکاتەوە کە ئەگەری گۆڕین و دەسکاریکردن هەبێت لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگداندا، لەهەمان کاتدا بەڕێز سەرۆک کۆمار پشتگیریی هەمو رێوشوێنە قانونیی و رێکارە کارپێکراوەکان دەکات لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دادگا و لێکۆڵینەوە و دۆزینەوە و لێپێچینەوەی هەر لایەنێک کە تێوەگلاندنی ساغ ببێتەوە لەم یاریکردن و دەستکاریکردنە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا.

هاوکات بەڕێز سەرۆک کۆمار بە بەردەوامیی هانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی داوە لە پێناوی گرتنە بەری رێوشوێنە قانونییەکان بۆ زامنکردنی رێکوپێکیی پرۆسەی هەڵبژاردن.

نوسینگەی راگەیاندن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure