ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌باره‌ى به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى بڕیارێك ده‌رده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 31/05/2018‌ :: 908‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌هۆى خراپى بارى ته‌ندروستى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و به‌ركه‌وتووانه‌ى كه‌ تواناى سه‌ردانیكردنى نه‌خۆشخانه‌یان نییه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه‌ بڕیاریدا مانگانه‌ ده‌رمان و چاره‌سه‌رى پێویستیان بۆ دابین بكات.

ئازاد مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواڕۆژی ڕاگه‌یاند به‌هۆى مانه‌وه‌ى كاریگه‌رى چه‌كى كیمیایى له‌سه‌ر جه‌سته‌ى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌، بووه‌ته‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ بارى ته‌ندروستیان ناجێگیربێت و نه‌توانن سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌كان بكه‌ن، بۆ وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ر، بۆیه‌ ئێمه‌ بڕیارمانداوه‌ كه‌ مانگانه‌ به‌تیمێكی پزیشكی پسپۆڕ له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سه‌ردانی ئه‌و به‌ركه‌وتوانه‌ بكه‌ین و به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ده‌زگاى ژیان بۆ مافه‌كانى مرۆڤ چاره‌سه‌رى پێویستیان بۆ دابین بكه‌ین.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، له‌و سه‌ردانانه‌ماندا تیمه‌كانمان هه‌ڵده‌ستن به‌ گۆڕینی فلته‌ر و پێداچوونه‌وه‌ به‌ ئه‌و ئامێرانه‌ى كه‌ بۆ هه‌ناسه‌دانیان دابینكراوه‌، هاوكات ده‌رمان و چاره‌سه‌رى پێویستیشیان بۆ دابینده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاسانكارییه‌ك بۆ ئه‌و به‌ركه‌وتووانه‌ى چه‌كى كیمیایى كه‌ بارى داراییان باش نییه‌ و تواناى سه‌ردانیكردنى پزیشك و نه‌خۆشخانه‌كانیان نییه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شی وت "به‌رنامه‌ و پلانى دیكه‌مان داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین له‌ داهاتوودا به‌ بشترین شێوه‌ پێداوستى و چاره‌سه‌رى به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ دابین بكه‌ین و كه‌مێك له‌ ئێش و ئازاره‌كانیان كه‌مبكه‌ینه‌وه‌".

به‌ گوێره‌ى ئاماره‌كانى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ زیاتر له‌ 500 به‌ركه‌وتووى چه‌كى كیمیایى تۆماركراون كه‌ ژماره‌یه‌كى زۆریان بارى ته‌ندروستیان ناجێگیره‌و تائێستاش 90 به‌ركه‌وتووى چه‌كى كیمیاییش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure