به‌ هه‌زاران پارچه‌ له‌ ده‌رمانی قڕكه‌ر ده‌ستی به‌سه‌رداده‌گیرێت

هەواڵ / کوردستان :: 31/05/2018‌ :: 967‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ئاشكرایده‌كات، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تاوه‌كو كۆتایی مانگی ئایار ده‌ستیان به‌سه‌ر نزیكه‌ی 16 هه‌زار پارچه‌ ده‌رمان و مادده‌ی قڕكه‌ردا گرتووه‌ كه‌ زیانی زۆریان بۆ سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ هه‌یه‌. 


جه‌مال ئاكره‌یی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پاراستن و سامانی ئاژه‌ڵ له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند، له‌ به‌رواری 1ی كانونی دووه‌می 2018 تاوه‌كو 30ی ئایاری 2018 لیژنه‌كانی چاودێری كشتوكاڵی و ڤێتێرنه‌ری له‌ هه‌ر سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیان به‌سه‌ر نزیكه‌ی 16 هه‌زار پارچه‌ له‌ ده‌رمان و مادده‌ی قڕكه‌ردا گرتووه‌. 

وتیشی "ئەو مادده‌ قڕكه‌رانه‌ی كه‌ بۆ لە ناوبردنی مێرووله‌ زیانبه‌خشه‌كان خه‌ڵك له‌ ماڵان و كێڵگه‌ كشتوكاڵییه‌كان بەکاریدەھێنن، لە کۆمەڵێک پێکھاتەی کیمیایی دروستدەکرێت کە ئه‌گه‌ر به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌ناو كێڵگه‌ كشتوكاڵی و په‌له‌وه‌رییه‌كان به‌كاربهێندرێت مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکانی شێرپەنجەی لێدەکرێت کەئه‌مه‌ بۆ ماڵانیش هه‌مان مه‌ترسی هه‌یه‌". 

ئاكره‌یی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، بۆ رێگریكردن له‌و مادده‌ قڕكه‌رانه‌ كه‌ له‌ سنوره‌كانه‌وه‌ ده‌هێندرێنه‌ ناو هه‌رێمی كوردستان، چه‌ند لیژنه‌یه‌ك رۆژانه‌ كاری خۆیان به‌ به‌رده‌وامی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و چاودێریه‌كی توندی ئه‌و بازرگانانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌رمان و مادده‌ قڕكه‌ره‌كان ده‌هێن كه‌ هه‌ندێ له‌وانه‌ زیاتر به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌به‌رچاو ده‌گرن نه‌ك ته‌ندروستی هاوڵاتیان، چونكه‌ كاتێك ئه‌و ده‌رمانانه‌ به‌سه‌ر سه‌وزه‌ و میوه‌دا ده‌ڕشێندرێت كاریگه‌ری خراپی ئه‌و ماددانه‌ ھاوڵاتی توشی ده‌یان نه‌خۆشی درێژخایه‌ن و مه‌ترسیدار ده‌كات گه‌ر بڕی به‌كارهێنانه‌كه‌ زۆربێت.  

ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ روونیشیكرده‌وه‌، له‌ به‌رنامه‌یاندا هه‌یه‌ بە نوسراوی ره‌سمی بەڕێوەبەرایەتییه‌كانی سه‌ر به‌ گومرگی هه‌رێم ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لە رێگەی خاڵە گومرگییەکانەوە رێگری بكرێت لە هاورده‌كردنی ئەو ماددە و ده‌رمانه‌ زیانبەخشانە.

به‌ر له‌ قه‌یرانی دارایی ساڵانه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بڕی چوار ملیار دیناری بۆ كڕینی ده‌رمانی قڕكه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ی هه‌رێم ده‌كرد، به‌ڵام له‌ دوای ساڵی 2014 به‌هۆی كه‌می بوجه‌ حكومه‌ت ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌مكرده‌وه‌ بۆ نزیكه‌ی ملیارێك و 500 ملیۆن.

حكومه‌تی هه‌رێم له‌ رێگه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵه‌وه‌ ده‌رمانه‌ قڕكه‌ره‌كانی دابه‌شی سه‌ر جوتیاران ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی دژی مێرووله‌ زیانبه‌خشه‌كانی سه‌ر كه‌رتی كشتوكاڵ به‌كاریبهێنن ئه‌ویش به‌ كۆمه‌ڵێك مه‌رجی ته‌ندروستی له‌پێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە