هونه‌رمه‌ندانی ئێران ئێواره‌خوانێكى رۆحانى ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 31/05/2018‌ :: 684‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندانی ئێران بانگهێشتێكى حه‌سه‌ن رۆحانى سه‌ركۆمارى ئێران ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ داواى لێیانكردووه‌، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، پێكه‌وه‌ به‌ربانگ بكه‌نه‌وه‌.


ئاژانسی بازتابی ئێرانی ده‌ڵێت هونه‌رمه‌نده‌ بانگهێشتكراوه‌كان نامه‌یه‌كى ره‌تكردنه‌وه‌ى بانگهێشته‌كه‌ى سه‌ركۆماریان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. ئاژانسه‌كه‌ هه‌روه‌ها نووسیوویه‌تى "ئه‌و ئه‌كته‌ر و هونه‌رمه‌ندانه‌ى كه‌ ڕۆژانێك به‌ دڵخۆشییه‌وه‌ پاڵپشتییان له‌ حه‌سه‌ن رۆحانی ده‌كرد، له‌ ئێواره‌خوانی رۆحانى-دا به‌شدارنابن".

له‌ نامه‌كه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌دا هاتووه‌ "له‌كاتێكدا هاووڵاتیانمان له‌ خراپترین بارودۆخدا ده‌ژین و سفره‌كانیان خاڵییه‌، رێكخستنى ئه‌م جۆره‌ ئێواره‌خوانانه‌ به‌ شیاو و به‌ پێویست نازانین. هه‌رچه‌نده‌ ده‌زانین مه‌به‌ست له‌و بانگهێشته‌ گوێگرتنه‌ له‌ ئێمه‌ بۆ باسكردنى كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، به‌ڵام ئه‌زموون ده‌ریخستووه‌ كه‌ ئێوه‌ له‌ پێش ئێمه‌وه‌ ئاگاداری كێشه‌كانن".

یه‌كێك له‌ هونه‌رمه‌نده‌كان نووسیویه‌تی "به‌ڕێز رۆحانی..سفره‌كان ڕۆژ به‌ ڕۆژ خاڵیتر ده‌بن، هاووڵاتییان ڕۆژانه‌ ئازار ده‌چێژن، كۆڵبه‌ره‌كان به‌ گولـله‌ ده‌كوژرێن و ته‌نانه‌ت ئه‌سپه‌كانیشیان تیرباران ده‌كرێن. نه‌خۆشی و هه‌ژاریی رۆژ به‌ رۆژ له‌ ناو هاووڵاتیانی به‌لوچ-دا په‌ره‌ده‌سێنێت، خۆپیشاندانه‌كان سه‌ركوت ده‌كرین و....... ئێمه‌ بڕوامان به‌ ئێوه‌ بوو به‌ڵام ئێوه‌ به‌ڵێنه‌كانتان جێبه‌جێ نه‌كرد، خۆزگه‌ ئاوا بێ ئۆمێدتان نه‌كردینایه‌". 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure