زیاتر له‌ هه‌زار ئیسلامى له‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ بۆ به‌شدارى شه‌ڕ روویان له‌ عێراق و سوریا كردووه‌

هەواڵ / جیهان :: 31/05/2018‌ :: 763‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان داعش

دواڕۆژ
حكومه‌تى ئه‌ڵمانیا رایده‌گه‌یه‌نێت زیاتر له‌ هه‌زار كه‌سى هه‌ڵگرى بیروباوه‌ڕى ئیسلام له‌ چه‌ند ساڵى رابردوودا له‌و وڵاته‌وه‌ روویان له‌ سوریا و عێراق كردووه‌ بۆ چوونه‌ پاڵ گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان و له‌نێویاندا داعش، هه‌روه‌ك 243 كه‌سى تریش په‌یوه‌ندییان به‌ شه‌ڕڤانانى كورده‌وه‌ كردووه‌.


ئه‌و زانیارییانه‌ له‌ وه‌ڵامێكى حكومه‌تى به‌رلین-دا هات بۆ پرسیارى كوتله‌ى په‌رله‌مانى پارتى چه‌پى ئه‌ڵمانى به‌رهه‌ڵسكار كه‌ دوێنێ بڵاوكرایه‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌، به‌ڵگه‌ هه‌یه‌ كه‌ نزیكه‌ى 170 ئیسلامى گومانلێكراوى ئه‌ڵمانى له‌میانه‌ى شه‌ڕه‌كاندا كوژراون، یان له‌ بارودۆخى تردا له‌ عێراق و سوریا له‌ناوچوون، له‌كاتێكدا زیاتر له‌ هه‌زار كه‌سى هه‌ڵگرى بیروباوه‌ڕى ئیسلامى په‌یوه‌ندییان به‌ گروپه‌ "تیرۆریستیه‌كانه‌وه‌" كردووه‌.

به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارێتى ئه‌ڵمانیا زانیارى وردى نیه‌ له‌باره‌ى ژماره‌ى ئه‌وانه‌ى له‌نێو ئه‌و كه‌سانه‌دا په‌یوه‌ندییان به‌ رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى (داعش)ه‌وه‌ كردووه‌ یان گروپه‌كانى تر، هه‌روه‌ك بۆ ده‌زگا ئاسایشه‌كانى ئه‌ڵمانیا رون نه‌بووه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ى ئه‌ڵمانیایان جێهێشتووه‌ گه‌یشتوون به‌ شوێنى مه‌به‌ستى خۆیان یان نا.

پێشتر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگاى ئاسایشى ئه‌ڵمانیا له‌ هاوینى 2016 ئه‌نجامیدا ده‌ریخست 35%ى ئیسلامییه‌كان ئه‌وانه‌ى وڵاته‌كه‌یان جێهێشتووه‌ ته‌نها ره‌گه‌زنامه‌ى ئه‌ڵمانیان هه‌یه‌ و، 27%یشیان خاوه‌ن دوو ره‌گه‌زنامه‌ن و، زۆرترین ئه‌و بیانیانه‌ش كه‌ ئه‌و وڵاته‌یان بۆ ناوچه‌كانى جه‌نگ به‌جێهێشتووه‌ له‌ توركه‌كانن.

هه‌ر به‌پێى زانیارى ده‌زگاكانى ئاسایش له‌ ساڵى 2013-ه‌وه‌ 243 كه‌سى تر له‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ شه‌ڕڤانانى كورد له‌ رۆژئاواى كوردستان كردووه‌ و له‌نێو ئه‌وانیشدا 20یان له‌ شه‌ڕه‌كاندا كوژراون.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure