ئاڵوگۆڕى بازرگانى لە مه‌رزى شوشمێ و سەلاس دەستیپێکردەوە

هەواڵ / ئابوری :: 31/05/2018‌ :: 580‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
جێگری پارێزگاری کرماشان ئاشكرایكرد، بازاڕچەی کۆنی سنووری شوشمێ لە پاوە و سەلاسی بابەجانی كرایه‌وه‌  و دووبارە ئاڵوگۆڕى بازرگانى  ده‌ستپێكرده‌وه‌.


محەمەد ئیبراهیم ئێلاهی تەبار، جێگری پارێزگاری کرماشان، به‌ ئاژانسى هه‌واڵى میهرى راگه‌یاندوه‌، بازاڕچەی کۆنی سنووری شوشمێ لە پاوە و سەلاسی بابەجانی دووبارە بازرگانى تیایاندا دەستپێكرده‌وه‌.

راشیگه‌یاند، نوێنەرەکانی فه‌رمانگه‌ى گومرگی کرماشان بە تەواوی لەو دوو خاڵه‌ سنورییه‌ جێگیربوون، وتیشى هەوڵ ده‌ده‌ین  خاڵى سنورى (تیلەکۆ) لە سەرپێڵی زەهاو وه‌ك سێیەمین بازاڕچەی کۆڵبەری کرماشانە بەڕەسمی بکرێتەوە. 

ئێلاهی تەبار رونیكردوەته‌وه‌، بازاڕچە سنوورییەکان ڕێگرى ده‌كات له‌ دیاردەی به‌ قاچاخبردن و ئەو کەلوپەلانەی پێشتریش بە کۆڵبەری دەهات ئێستا کەمیکردووە. 

ئاماژەی به‌وه‌شكردوه‌، ئەگەر یاساى ڕێکخستنی کۆڵبەری ئێران بە تەواوی جێبەجێبکرێت، کێشەی قاچاخی سنوورەکان نامێنێت.

جێگری پارێزگاری کرماشان وتیشى "حكومه‌تى عێراق ره‌زامه‌ندی نیشانداوە خاڵى سنووری (پشتە) لە هەڵەبجە بۆ ماوه‌ى 13 مانگ بکرێتەوە و هەرێمى كوردستانیش دەبێت ئاسانکارییە ئیدارییەکانی ئەنجامبدات".

به‌پێى ئاماره‌ رەسمییه‌كانیش ڕۆژانە 450 بارهەڵگری کەلوپەلی ئێرانی دێتە هەرێمی کوردستان کە زۆربەیان کەلوپەلی بیناسازین.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure