یونامى راپۆرتێكى له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق بڵاوكرده‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: 30/05/2018‌ :: 533‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
نێرده‌ى سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە میانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا، کە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی رەوشی عێراق و هەڵبژاردنەکەى ئاشكراى كرد، شەش حزبی کوردی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، داوایانکردووە  پرۆسه‌ى ده‌نگدانى هەڵبژاردنەکە بەشێوازی دەستی هەژمار بکرێتەوە.

 یانكۆبیچ، نێرده‌ى سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە وتەیەکدا کە ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 30ى ئایار  لە ئەنجومەنی ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى پێشکەشی کرد ئاماژەی بە کێشەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی تایبەت به‌ هەڵبژاردنەکە کرد و ڕایگەیاند، ژمارەیەک لەسەرکردەی حزبە بەشداربووەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیان کردووە، بۆ ئەوەی جارێکی تر هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە.

نێرده‌ى سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رونیكردەوه‌، 6 حیزبى كوردى كه‌ بریتین له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، یه‌كگرتووى ئیسلامى، كۆمه‌ڵى ئیسلامى، بزوتنەوەی ئیسلامی، هاوپه‌یمانى بۆ داده‌په‌وەرى و حیزبى شیوعى گومانیان له‌ جیاكردنه‌وه‌ ده‌نگه‌كان هه‌یه‌ و داواده‌كه‌ن به‌ده‌ست هه‌ژمار بكرێته‌وه‌.

سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش لە شاری کەرکوک یانكۆچ وتى "لە شاری کەرکوک سکاڵای زۆر هەیە و لە لایەنە عەرەبی و تورکمانەکان داواده‌كه‌ن ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ده‌ست هه‌ژماربكرێته‌وه‌.

نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاماژەی بە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات و هەژمارکردنەوەی لە ١٠%ی دەنگەکان بە دەستی هەژمار بکرێتەوە، ڕوونیشکردەوە پەرلەمانی عێراق بڕیاریداوە ئەگەر لە ٢٥%ی دەنگە هەژمارکراوەکان دەرکەوت ساختەکاری تێدا کراوە، ئەوا دەبێت هەڵبژاردنەکە هەڵوەشێنرێتەوە و کار بە ئەنجامەکانی نەکرێت.

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق داواشیکرد کە حکومەتی داهاتووی عێراق بەشێوازی مەزهەبی کارنەکات و حکومەتی هەموو خەڵکی عێراق بێت، کار بکات بۆ باشکردنی گوزەرانی هاووڵاتیان و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، هەروەها بە یەک چاوی سەری هاووڵاتیان و ئایین و نەتەوە جیاوازەکانی عێراق بکات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure