وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى نرخى نه‌شته‌رگه‌رى كه‌مده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 30/05/2018‌ :: 625‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى 
بڕیاروایه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ى بۆ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رى له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان وه‌رده‌گیرێت بڕه‌كه‌ى كه‌مبكرێته‌وه‌ و به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیش رایده‌گه‌یه‌نێت، كه‌مكردنه‌وه‌ى رێژه‌ى پاره‌كه‌ به‌رچاو ده‌بێت.


به‌هۆى زۆرى نرخى نه‌شته‌رگه‌رى له‌ نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كان، به‌ر له‌ چه‌ند ساڵێك حكومه‌تى هه‌رێم ده‌وامى ئێوارانى له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان كرده‌وه‌ و نرخێكى گونجاوى له‌به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رى بۆ هاوڵاتیان دانا.

خالس قادر، وته‌بێژ و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوان له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 30ى ئایارى 2018 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2016 وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى بڕیاریدا له‌ ده‌وامى ئێوارانى نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان نه‌شته‌رگه‌رى نیمچه‌ تایبه‌ت ئه‌نجامبدرێت ئه‌وه‌ش وه‌ك هاوكارییه‌ك بۆ هاوڵاتیان. 

وتیشى، نرخى ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى ئێوارانى حكومى له‌ 50 تا 500 هه‌زار دیناره‌ ئه‌ویش به‌پێى جۆرى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان دیاریكراوه‌، به‌ڵام به‌ به‌راورد به‌ نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كان زۆر كه‌متره‌.
  
خالس قادر، روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریانه‌ى له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان ده‌كرێت داهاته‌كه‌ى به‌ رێژه‌ى له‌ 80% بۆ ستافى ئه‌و پزیشكانه‌ى كارده‌كه‌ن و له‌ 10%-یش بۆ كرینى ده‌رمان و 10% بۆ خه‌زێنه‌ى حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. 

به‌رپرسه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، بڕیاریانداوه‌ له‌ داهاتوودا كار له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ى تێچووى پاره‌ى نه‌شته‌رگه‌رى له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى ئێوارانى حكومى بكه‌ن به‌جۆرێك له‌ به‌ژه‌وه‌ندى هاوڵاتیان بێت و نرخه‌كه‌شى به‌ رێژه‌یه‌كى به‌رچاو كه‌مده‌كرێته‌وه‌.   



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure