دواڕۆژ زانیارى له‌باره‌ى رۆچوونى به‌شێك له‌شه‌قامه‌كانى سلێمانى بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستانی :: 30/05/2018‌ :: 3680‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
به‌ڕێوه‌به‌رى پڕۆژه‌كانى شاره‌وانى سلێمانى ئاشكرایده‌كات، ئه‌و رۆچوونانه‌ى له‌ شێوه‌ى بازنه‌یه‌ك له‌ چه‌ند شه‌قامێكى شاره‌كه‌ دروستبووه‌، په‌یوه‌ندى به‌ كۆنى ئاوەڕۆكانه‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌شڵێت "به‌زووترین كات چاره‌سه‌رى ده‌كه‌ین".

ئه‌بوبه‌كر ته‌یب، به‌ڕێوه‌به‌رى پڕۆژه‌كان له‌ شاره‌وانى سلێمانى، سه‌باره‌ت به‌ رۆچوونى دوو شه‌قامى شاره‌كه‌، به‌ دواڕۆژى وت "له‌ هه‌ندێ شه‌قام ئه‌و ئاوەڕۆیانه‌ى كۆنن و ئاویان لێده‌چێت، له‌ ئه‌نجامى لێچوونى ئاوه‌كه‌ گڵه‌كه‌ داده‌چێ و ئه‌و رۆچوونه‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌".

جه‌ختیشى كرده‌وه‌ "ئه‌و رۆچوونانه‌ى روویانداوه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ رووداوى سروشتییه‌وه‌ نیه‌، ته‌نها په‌یوه‌ندى به‌ ته‌مه‌نى ئاوەڕۆكانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ تێیاندایه‌ ماوه‌ى 15 ساڵه‌ دانراون".

ئه‌بوبه‌كر ته‌یب، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا دوو حاڵه‌تى وامان هه‌بووه‌، له‌ شه‌قامى زه‌رگه‌ته‌ و له‌ شه‌قامى ناوچه‌ى پیشه‌سازى، له‌ دوو رۆژى داهاتوودا چاكیان ده‌كه‌ینه‌وه‌ و هیچ گرفتێكمان نابێت".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، دارا حه‌سەن، به‌ڕێوه‌به‌رى كه‌شناسى و بومه‌له‌رزه‌زانى سلێمانى، به‌ دواڕۆژى وت "پێشنیارم بۆ قایمقامیه‌ت كردووه‌ من لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و رۆچوونانه‌ بكه‌م له‌گه‌ڵ شاره‌زایانى جیۆلۆجى، دواتر هه‌موو لایه‌ك ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌".

دواى ئه‌وه‌ى وێنه‌ى رۆچوونى شه‌قامى زه‌رگه‌ته‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ له‌ شێوه‌ى بازنه‌یه‌كى خڕى گه‌وره‌ بوو، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌ لێکدانەوەی جیاجیاى سروشتى بۆ ده‌كرا، پێیانوابوو رووداوى سروشتییه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure