رۆژانە کارەبا ده‌بێته‌ 24 کاتژمێر

هەواڵ / کوردستان :: 30/05/2018‌ :: 49725‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ
ئەمڕۆ 30ی ئایاری 2018 لەکۆبوەنەوەیەکدا بەئامادەبوونی قایمقامی سلێمانی نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی ئایار و خشتەی پێدانی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ مانگی حوزەیران دیاریکرا.


سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند، نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی ئایار بە 37 دینارە كە تێكڕای كاركردنی موەلیدەكان لەنێوان 50 بۆ 80 كاتژمێر كاریان كردوە، بەوەش نرخی ئەمپێرێك لە نێوان 2 هەزار بۆ 3 هەزار دینار دەبێت، بۆیە نرخی ئەمپێرێك لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیکە جیاوازە.

سەبارەت بە بەرنامەی كاركردنی موەلیدەكان بۆ مانگی حوزەیران، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی وتی "لە مانگی حوزەیراندا رۆژانە بە كارەبای نیشتمانی و موەلیدە ئەهلییەكان كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هاووڵاتیان دابیندەكرێت، واتە هەركاتێك كارەبای نیشتمانی كوژایەوە پێویستە موەلیدە ئەهلییەكان كارەبا بۆ هاووڵاتیان دابینبكەن.

وتیشی "لە كۆبونەوەكەدا، ئەو خاڵە دووپاتكرایەوە كە پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی 15 خولەك زیاتر بەسەر دابینكردنی كارەبای موەلیدەدا تێنەپەرێت، بەپێچەوانەوە سەرپێچیكار رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە".

سەبارەت بە نرخی كارەبای یەكەكانی نیشتەجێبوون (سیتییەكان) نرخی كیلۆواتێك بە (202) دینار دیاریكرا، بەڵام ئەگەر سیتییەكان وێستگەكانیان 11 كەیڤی بوو ئەوا 5 دینار و وێستگەی 33 كەیڤیش 10 دیناری بۆ زیاد دەكرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە