"رەمەزان کێشەی بۆ هاتنی گەشتیاران دروستکردوە"

هەواڵ / کوردستان :: 30/05/2018‌ :: 1099‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت، کەشوهەوای ئەم وەرزەی هەرێمی کوردستان زۆر لەبارە بۆ گەشت، بەڵام بەهۆی مانگی رەمەزانەوە گەشتیاران ناتوانن سەردانی هەرێم بکەن و روبەڕوی چەند کێشیەک دەبنەوە.


نادر روستی، وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە دواڕۆژی راگەیاند "لەهەموو دونیا گەشتیار سێ شتی دەوێت، ئەوانیش ئاسایش و رێزگرتن و هۆکارەکانی کات بەسەربردنن، لەکوردستان هەموو کات ئاسایش هەیە، بەڵام بۆ لایەنی دووەم ئەگەر کەسێک لە رەمەزاندا خواردن بخوات، ئەوا به‌جۆرێکی تر سەیری دەکەن، هەروەها هۆکارەکانی کات بەسەربردن لە رەمەزاندا کەمدەبنەوەو زۆربەی خواردنگە و رێستۆرانتەکان و شوێنەکانی تر دادەخرێن".

وتیشی "گەشتیاری زۆر لە وڵاتی تر و ناوەڕواست و خواروی عێراق ویستویانە بێنە هەرێمی کوردستان لەمانگی رەمەزاندا، بەڵام بەهۆی نەبوونی کافتریا و خواردنگە و رێستۆرانت و هەندێک هۆکاری تری کۆمەڵایەتی پەشیمانبوونەتەوە، چونکە هێشتا لە کۆمەڵگەی کوردستان ئەوە نەبووە بە نەریت کە بەئاسایی خەڵک لە رەمەزاندا جلوبەرگ بپۆشێت و خواردن بخوات".

نادر ئاماژەی بەوەشدا، نەهاتنی گەشتیاران لە رەمەزاندا بۆ هەرێمی کوردستان زیانی بە بواری گەشتیار و بازرگانی هەرێم گەیاندوە، چونکە ئەو مانگە ناتوانن پەرە بەکارەکانیان بدەن و بەشێکیان زیان دەکەن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە