كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانى هه‌ڵوێستى خۆیان له‌سه‌ر هه‌ژماركردنى 10%ى ده‌نگه‌كان راده‌گه‌یه‌نن

هەواڵ / کوردستان :: 29/05/2018‌ :: 472‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدوقه‌هار
كۆمه‌ڵى ئیسلامى و هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌ى هه‌ڵوێستى خۆیان له‌سه‌ر دووباره‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ى 10%ى ده‌نگه‌كان به‌ڕێگه‌ی ده‌ستیی راگه‌یاند و ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵیش ده‌ڵێت "بڕیاره‌كانى په‌رله‌مانى عێراق به‌ مردوویى له‌دایكبوون".


ئێواره‌ى دوێنێ دووشه‌ممه‌ 28ى ئایار، په‌رله‌مانى عێراق بڕیارێكی پەسەندكرد تایبەت بە ژماردنەوەی 10%ی دەنگەكان لە سەرانسەری عێراق و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی دەرەوەی وڵات و دەنگدانی مەرجداری ئاوارەکان لە ئەنبار و سەڵاحەدین و موسڵ و دیالە.  

له‌باره‌ى بڕیاره‌كانى په‌رله‌مان رێبوار كه‌ریم، وته‌بێژى هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى به‌ دواڕۆژى وت "بڕیاره‌كانى په‌رله‌مانى عێراق زۆر گرنگن و ئێمه‌ پێمانخۆشه‌ و هیوادارین ده‌رئه‌نجامى هه‌بێت و ساخته‌كارییه‌كان ئاشكرابكرێت و رێز له‌ ئیراده‌ى ده‌نگده‌ران بگیرێت".

وتیشى "بڕیاره‌كانى په‌رله‌مانى عێراق له‌ڕووى قانوونییه‌وه‌ چه‌ند شتێكى تێكه‌ڵاوى تیادایه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر كۆمسیۆن پێویسته‌ رێز له‌ بڕیاره‌كانى په‌رله‌مان بگرێت و جێبه‌جێیان بكات".

هاوكات دارا محه‌مه‌د ئه‌مین، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان بۆ دواڕۆژ وتی "ئه‌گه‌ر له‌ 10%ى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست هه‌ژماربكرێته‌وه‌ و ده‌نگى سندوقه‌كانیش ده‌ستكارى نه‌كرابێت، ئه‌وا گۆڕانكارى گه‌وره‌ به‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كاندا دێت و ساخته‌كارییه‌كان ده‌رده‌كه‌ون، به‌ڵام پێمانوایه‌ كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان هاوكار نییه‌ له‌ ده‌ركردنى بڕیاره‌كانى په‌رله‌مانى عێراق و له‌ ئه‌نجامدا هه‌رچه‌نده‌ بڕیاره‌كانى په‌رله‌مانى عێراق زۆر گرنگ و مێژوویین، به‌ڵام به‌ مردوویى له‌دایكبوون، چونكه‌ كۆمسیۆن ده‌بێته‌ میكانیزمى جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كانى په‌رله‌مانى عێراق، ئه‌مه‌ش دیاره‌ كه‌ كۆمسیۆن ده‌یه‌وێت له‌كەدارنه‌بێت شته‌كان ده‌شارێته‌وه‌ و هاوكارى په‌رله‌مان ناكات بۆیه‌ گه‌شبین نین به‌ بڕیاره‌كان".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵ، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد "ئه‌وه‌ى پێى گه‌شبینین بارودۆخى عێراقه‌ كه‌ به‌هۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ جێگیرنییه‌ و ده‌كرێت به‌هۆى ئه‌و ساخته‌كارییه‌وه‌ دواجار لایه‌نه‌كان نه‌گه‌نه‌ رێكکه‌وتن له‌ مانگى 12ى ئه‌مساڵدا جارێكى تر هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ ئه‌نجامبدرێته‌وه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure