پڕۆژه‌یاسایه‌ك بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان ئاماده‌ده‌كرێت

هەواڵ / عێراق :: 29/05/2018‌ :: 669‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێژنه‌ عه‌لى
بەشیک لەپه‌رله‌مانتارانى عێراق پڕۆژه‌یاسایه‌ك بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان ئاماده‌ ده‌كه‌ن و هه‌وڵده‌ده‌ن سبه‌ی 30ی ئایاری 2018 خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى بۆ بكرێت.


ئه‌مین به‌كر، سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، ئه‌و بڕیارانه‌ى كه‌ په‌رله‌مان تایبه‌ت بۆ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ریكردوون چاودێرى جێبه‌جێكردنیان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها وتى "كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسایه‌كیش ده‌كه‌ین بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و کار بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ین سبه‌ی دانیشتنى نائاسایى بكرێت بۆ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه‌ ده‌وترێت تا یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌موار نه‌كرێته‌وه‌، بڕیاره‌كانى په‌رله‌مان ناكه‌ونه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان وتى "نه‌خێر راست نییه‌، ئه‌و بڕیارانه‌ش هه‌رچه‌نده‌ یاسا نین، به‌ڵام هێزى ئیلزامى خۆیان هه‌یه‌، بڕیاریكى دادگاى ئیتیحادیشمان هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت ئه‌و بڕیارانه‌ى سیفه‌تى ته‌شریعییان هه‌یه‌ مولزه‌من بۆ جێبه‌جێكردنیان".

ئێواره‌ى دوێنێ په‌رله‌مانى عێراق له‌ دانیشتنێکى نائاساییدا تایبه‌ت به‌ ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى 12ى ئایار، پڕۆژه‌یاسایه‌كی خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ جیاكردنه‌وه‌ی 10%ی سندوقه‌كانی ده‌نگدان، دواتر به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ پڕۆژه‌كه‌ په‌سه‌ندكرا كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشنیازكرابوو.

هه‌ر له‌ دانیشتنه‌كه‌دا په‌رله‌مانی عێراق بڕیاریدا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ئاواره‌كانی نه‌ینه‌وا، سه‌ڵاحه‌دین، ئه‌نبار و دیاله‌ ره‌تبكرێنه‌وه‌ و دانیشتنه‌كه‌شی به‌ كراوه‌یی هێشته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure