یه‌كێتی له‌سه‌ر ده‌ستكاریكردنی ده‌نگه‌كانی كه‌ركوك داوای دەستوەردان دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 29/05/2018‌ :: 2246‌ جار بینراوە

تاگ :: یه‌كێتى

دواڕۆژ، عیماد جەباری 
مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وڵاتێكی دراوسێ تۆمەتباردەكات بە دەستكاریكردنی سندوقەكانی دەنگدان و داوادەكات هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستێوەردانی بەپەلە بكات.


مەڵبەندی كەركوك ئەمڕۆ سێشەممە 29ی ئایار بەیاننامەیەكی لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاكە بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاند، لە 13ی ئایارەوە چەند لایەنێكی سیاسی بەپاڵپشتی چەند گروپێكی میلیشیای چەكدار هەڵیانكوتاوەتەسەر كۆمسیۆن و كارمەندان و چاودێرانی سیاسی و لایەنەكانیان ناچار بەدەرچوون كردووە و لەبەرژەوەندی خۆیان دەستكاری سندوقەكانی دەنگدان و كارتی دەنگدانەكانیان كردووە.

لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوەشكراوە كە سندوق و كۆگاكانی كۆمسیۆن بێ چاودێرن و كلیلی كۆگا و تەواوی سیدی رام و فلاشەكان لەلای جێگری بەڕێوەبەری كۆمسیۆنی كەركوكە كە سەر بە بەرەی توركمانییە و رێگری دەكات لەناردنی ئەو كەلوپەلانە بۆ بەغدا.

مەڵبەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوادەكات ئەنجامی دەنگدانەكان بەراورد بكرێن و سندوقەكان بگوازرێنەوە بۆ بەغدا و بەهیچ شێوەیەكیش گۆڕینی ئەنجامی دەنگەكان قبوڵناكات، بەپێچەوانەشەوە یەكێتی هەموو رێوشوێنێك دەگرێتەبەر و سەرجەم بژاردەكانیش لەبەردەمیدا كراوەدەبن.

هاوكات پەرلەمانتارانی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نامەیەكیان ئاڕاستەی حكومەتی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كردووە و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە كە نیهاد كەركوكلی، جێگری بەڕێوەبەری كۆمسیۆنی كەركوك كلیلی سەرجەم ژورەكانی كۆمسیۆنی كۆپی كردووە كە سندوقەكانی تێدایە و رادەستی گروپێكی كردووە كە سەر بەوڵاتێكی دراوسێن، لەدوای ئەوەش دەستكاری دەنگەكانیان كردووە لەبەرژەوەندی پێكهاتەیەكی دیاریكراو.

پەرلەمانتارانی یەكێتی لەنامەكەیاندا خراپبونی دۆخەكە و كاردانەوەكان دەخەنە ئەستۆی بەرەی توركمانی و حكومەتی عێراق كە بەرپرسیارێتی پاراستنی كۆگاكانی كۆمسیۆنیان لەئەستۆدایە و داواشدەكەن هاوپەیمانی دژی داعش دەستێوەردان بكات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure