هه‌نارده‌ى نەوتی کەرکوک بۆ بەغدا دەستیپێکرد

هەواڵ / ئابوری :: 29/05/2018‌ :: 735‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
 وته‌بێژى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق ئاشكراى ده‌كات، گواستنەوەی نەوتی کەرکوک بۆ بەغدا بەشێوەیەکی ئەزمونیی دەستیپێکردووەو ھەوڵەکانیش بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی پارێزگاکە لەرێگه‌ى بەندەری جەیھانی تورکیاوە بەردەوامه‌.

عاسم جیھاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 29ى ئایار له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند "دوای چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی یەکێک لە بۆرییە نەوتییەکانی کەرکوک کە تایبەتە بە گواستنەوەی نەوتی خاو بۆ پاڵاوتگەکانی عێراق، بەشێوەیەکی ئەزموونی گواستنەوەی نەوتی کەرکوک بۆ بەغدا دەستیپێکردووەتەوە".

 راشیگه‌یاند "ھەوڵەکانی وەزارەتی نەوت بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی کەرکوک لەرێگه‌ی توركیاوە بۆ بەندەری جەیھان بەردەوامە، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى داھاتی نەوت بۆ خەزێنەی عێراق زیابکرێت".

 جیهاد، سەبارەت بە بڕی بەرھەمھێنانی کێڵەکانی کەرکوک وتى "لەئێستادا بڕی بەرھەمھێنانی کێلگە نەوتییەکانی کەرکوک رۆژانە 150 ھەزار بەرمیلە و ئەو بڕەش دەکرێت لەداھاتوودا زیاتر بکرێت، لەئێستاشدا بەرھەمی نەوتی کەرکوک بۆ بەکارھێنانی ناوخۆیی بەکاردەھێنرێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure