"ژماره‌یه‌ك بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ناوخۆی هه‌رێم ده‌ستگیركران"

هەواڵ / کوردستان :: 29/05/2018‌ :: 516‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانى هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ ماوه‌ی سێ رۆژی رابردوودا ژماره‌یه‌ك بازرگانی مادده‌ هۆشبه‌ریان له‌ پارێزگای دهۆك و هه‌ولێر ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ له‌ناوخۆی هه‌رێم كاری بازرگانییان له‌گه‌ڵ بازرگانه‌كانی وڵاتانی دراوسێ ئه‌نجامداوه‌. 


كه‌یوان تۆفیق، بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گشتیی هه‌ولێر  ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 29ی ئایار، به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند، له‌ماوه‌ی سی رۆژی رابردوودا له‌ سنوره‌كانی پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك ژماره‌یه‌ك كه‌س ده‌ستگیركراون كه‌ بازرگانییان به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر كردووه‌. 

وتیشی "ئه‌وانه‌ی ده‌ستگیركراون دانیشتووی هه‌رێمی كوردستانن و كاری بازرگانییان له‌گه‌ڵ بازرگانانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانی وڵاتانی دراوسێ كردووه‌ و هه‌ندێ خه‌ڵكی تریش ده‌ستگیركراون كه‌ مامه‌ڵه‌ی بچووكیان به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ كردووه‌". 

كه‌یوان تۆفیق، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئەوانه‌ی ده‌ستگیركراون ماددەی هۆشبەریان پێگیراوە و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ هه‌ندێ بازرگانی تر هه‌یه‌ كه‌ ئێستا لە وڵاتانی دراوسێن و پێشتر مادده‌ی هۆشبه‌ریان له‌ ناوخۆی هه‌رێم ساغكردوەته‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ده‌ستگیركراوه‌كان دراونه‌ته‌ دادگا كه‌ به‌پێی یاسا ئه‌وانه‌ی بازرگانی به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن ماوه‌ی پانزه‌ ساڵ زیندانی ده‌كرێن. 

بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان ئاشكراشیكرد، كۆمه‌ڵێك دۆسیه‌ی تر هه‌ن كه‌ خه‌ڵك له‌سه‌ر بازرگانیكردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراون یان فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان بۆ ده‌رچووه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا ناكرێت بڵاوبكرێنه‌وه‌ و له‌ كۆتایی مانگی داهاتوودا له‌ رۆژی جیهانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ران بڵاوده‌كرێنه‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure