بنكه‌یەک لەگەرمیان بۆ وه‌رگرتنی گه‌نم له‌جوتیاران دیاریدەکرێت

هەواڵ / ئابوری :: 29/05/2018‌ :: 474‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێژنه‌ عه‌لى
وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراق ره‌زامه‌ندى نیشانداوه‌ به‌ كردنه‌وه‌ى بنكه‌ى كه‌لار بۆ ئه‌وه‌ى له‌ رۆژى یه‌كى حوزه‌یرانه‌وه‌ گه‌نم له‌ جوتیارانى كوردستان و ناوچه‌كانى مادده‌ى 140 وه‌ربگرێت.


عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی ره‌زا، ئه‌ندامی لیژنه‌كانی كشتوكاڵ و بازرگانی له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق پێشتر ته‌نها ره‌زامه‌ندی دابوو بۆ وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران له‌ سایلۆكانی سه‌یدسادق، چه‌مچه‌ماڵ، رانیه‌، دوێنێش به‌ڕەسمی به‌نوسراوی ژماره‌ 965 بڕیاریدا له‌قه‌زاى كه‌لاریش بنكه‌یه‌ك بكرێته‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی گه‌نمی ئه‌مساڵ له‌سنوری گه‌رمیان و خانه‌قین و ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ مادده‌ی 140 ده‌یانگرێته‌وه‌.

ناوبراو روونیكرده‌وه‌، له‌مساڵدا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراقه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵده‌ستن به‌كڕینه‌وه‌ی گه‌نمی جوتیارانی عێراق به‌هه‌رێمیشه‌وه‌ ته‌نها بڕی 323 هه‌زار تەن گه‌نم له‌ جوتیارانی هه‌رێم وه‌رده‌گیرێت كه‌ 115 هه‌زاریان له‌سنوری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و 208 هه‌زار تەنیش له‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك وه‌رده‌گیرێت كه‌ ئه‌م رێژه‌یه‌ش كه‌متره‌ له‌نیوه‌ی پێداویستی ساڵانه‌ی دانیشتوانی هه‌رێم.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure