دزێكی مه‌ترسیدار له‌هه‌ولێر ده‌ستگیر كرا

هەواڵ / کوردستان :: 29/05/2018‌ :: 6482‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ دیارده‌ی شكاندنی جامی ئۆتۆمبێل له‌هه‌ولێر سه‌ری هه‌ڵداوه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ چه‌ندین شوفێر پاره‌یان لێدزراوه‌، یه‌كێك له‌و تۆمه‌تبارانه‌ش دوای ئەنجامدانی پێنج تاوانی دزیكردن له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیركرا.


هۆگر عه‌زیز، وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌ ماوه‌كانی رابردوو ژماره‌یه‌ك شوفێر سكاڵایان له‌ بنكه‌كانی پۆلیس له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر تۆمار كرد به‌هۆی ئه‌وه‌ی جامی ئۆتۆبێله‌كانیان شكێندرابوو". 

وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر وتیشی "دوای ئەوەی پۆلیس ئاگادار کرانەوە بەبوونی چەند ڕوداوێکی دزیکردن و شكاندنی جامی ئۆتۆمبێل پۆلیس دۆسیەی لێکۆینەوەی بۆ ئەم ڕوداوە کردەوەو توانی ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرا بکات و دەستگیر بكرێت".

هۆگر عه‌زیز ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباره‌كه‌ بە پشتبەستنیان  بووه‌ بە کامێرای چاودێری.

 
ئەو ئەفسەرەی پۆلیس داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات له‌ ماڵ و دوكان و شوێنه‌كان كامێرای چاودێری ببه‌ستن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر رووداوێكی نه‌خوازراو رووبدات پۆلیس بتوانێت به‌ زووترین كات دۆسیه‌ی رووداوه‌كان و دزی كردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان یه‌كلایی بكاته‌وه‌. 

ناوبراو ئاشكراشیكرد، تۆمەتبار ناوی (ن. ک. ص.)، تەمەن (٤۰) ساڵه‌و دوای دەستگیرکردنی دانیناوه‌ بە ئه‌نجامدانی پێنج تاوانی دزیكردن كه‌ بریتیبوون له:
 - شکاندنی جامی ئۆتۆمبێل و دزینی بڕی (۳۸٥٫۰۰۰) هەزار دینار لە گەڕەکی ئازادی.

- شکاندنی جامی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری مەرزیەو دزینی دوو چەک لەجۆری (کلانشیکۆف و قەناس) لە شەقامی ۱۰۰ مەتری نزیک کۆلێژی جیهان.

- شکاندنی جامی ئۆتۆمبێل لە جۆری (تۆیۆتا کڕۆلا) و دزینی بڕی (۱٫٥۰۰) دۆلاری ئەمریکی.

-شکاندنی جامی ئۆتۆمبێل و دزینی دەمانچەیەک لە جۆری دەسک سوور لە شەقامی موسل.

-شکاندنی جامی ئۆتۆمبێل دزینی بڕی (۲٫۸۰۰٫۰۰۰) دیناری عیراقی لە پارکی سامی عەبدولرەحمان.

هۆگر عه‌زیز روونیشیكرده‌وه‌، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمه‌باره‌كه‌ ڕێکخراو ڕەوانەی بەردەم دادوەر کراو بڕیاردرا بەبەند کردنی تۆمەتبار بەپێی ماددە ٤٤٦ لە یاسای سزادانی عێراقی.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure