سلێمانی لە رۆژێکدا پێویستی بە یەک تۆن سەوزەو میوە ھەیە

هەواڵ / ئابوری :: 30/05/2018‌ :: 916‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ،زریان محەمەد
قایمقامی سێمانی رایدەگەیەنێت، پارێزگای سلێمانی لە رۆژێکدا پێویستی بە یەک تۆن بەرھەمی سەوزەو میوە ھەیەو لەم وەرزەدا بەروبومی ناوخۆیی ٢٥% پێداویستی بازاڕ دابین دەکات، دەشڵێت "پلانی پاڵپشتیکردن لە بەروبومی ناوخۆیی فراوانتر دەکەین".


ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند "لەگەڵ لیژنەی راگرتنی ھاوسەنگی سەوزە و میوە لە پارێزگای سلێمانی کۆبوینەوەو تیایدا ھەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەروبومی سەوزەو میوەی ناوخۆیی و ئەو بەروبومانەش کرا کە لە وڵاتانی دەوروبەرەوە ھاوردەی پارێزگای سلێمانی دەکرێت، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەروبومی ناوخۆیی ھەموو جۆرە ھاوکاری و کار ئاسانیەک پێشکەش بە جوتیاران دەکەین بەتایبەت لەم وەرزەدا کە وەرزی پێگەیشتنی بەوبومی ناوخۆییە".

وتیشی "پارێزگای سلێمانی لە رۆژێکدا پێویستی بە یەک تۆن بەرھەمی سەوزە و میوە ھەیەو لەمانگێکشدا پێویستی بە ٣٠ تۆن ھەیە، لەم وەرزەدا بەروبومی ناوخۆیی ٢٥% پێداویستی بازاڕ دابین دەکات، چاوەڕێ دەکرێت لە مانگەکانی داھاتوودا بەروبومی ناوخۆیی لە سەوزەو میوە زیاتر لە ٨٠% پێداویستی بازاڕ دابین بکات".

قایمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، پلانی پاڵپشتیکردن لە بەروبومی ناوخۆیی فراوانتر دەکەن و ھەموو جۆرە کارئاسانیەک پێشکەش بە جوتیاران دەکەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure