یه‌كێتى مامۆستایان: رازى نابین ده‌رماڵه‌ى هاندانى مامۆستایان دابه‌شنه‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 29/05/2018‌ :: 913‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان راده‌گه‌یه‌نێت، رازى نابن بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ دابەشکردنی دەرماڵەی مامۆستایان جێبه‌جێ نه‌كرێت، ده‌شڵێت "بۆ ئه‌و گرفته‌ى كه‌ بۆ دابه‌شكردنى ده‌رماڵه‌كه‌ دروستبووه‌، له‌گه‌ڵ وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ كۆده‌بینه‌وه‌".

له‌ 26ى تشرینى یه‌كه‌مى 2016، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیاریدا مانگانه‌ ده‌رماڵه‌ى هاندان (هاتوچۆ) دابه‌شبكرێت كه‌ بۆ مامۆستایان و توێژه‌رانى ده‌روونى و كۆمه‌ڵایه‌تى ناوشار 100 هه‌زارو بۆ مامۆستایانى ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كانیش 150 هه‌زار دیناره بوو.

بڕیاره‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ و به‌هۆى خراپى گوزه‌رانى مامۆستایان ده‌ركراوه‌، به‌ڵام دوێنى پشتیوان سادق وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى هه‌رێم راگه‌یاند، دابه‌شكردنى ئه‌و ده‌رماڵه‌یه‌ بۆ كاتێك بووە كه‌ دۆخى دارایی مامۆستایان خراپ بووه‌.

لەو بارەیەوە عه‌بدولواحید محه‌مه‌د، سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "بڕیارى پێدانى ده‌رماڵه‌ى مامۆستایان بۆ شه‌ش مانگ بووه‌، به‌ڵام تائێستا ته‌نیا پێنج مانگ دابه‌شكراوه‌".

وتیشى "باروگوزه‌رانى دارایى مامۆستایان له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تاى قه‌یرانه‌كه‌ى هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌ك باش نه‌بووه‌ تاكو ئه‌و ده‌رماڵه‌یه‌ رابگیرێت، بۆیه‌ ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌و قه‌رزه‌ له‌لاى حكومه‌تە و نابێت دابه‌شنه‌كرێت".

سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایان ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رازى نابن بڕیاره‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى دارایى و په‌روه‌رده‌ جێبه‌جێ نه‌كرێت و ئه‌و ده‌رماڵه‌یه‌ى ماوه‌ دابه‌شنه‌كرێت.

 

ده‌شڵێت "له‌سه‌ر دابه‌شنه‌كردنى ده‌رماڵه‌كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیرى پەروەره‌ده‌ كۆده‌بینه‌وەو نابێت هیچ به‌ربه‌ستێك بۆ ده‌رماڵه‌ى هاندان دروستبكرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ مافێكى ره‌واى سه‌رجه‌م مامۆستایان و توێژه‌رانه‌ و لێى بێده‌نگ نابین".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure