دواڕۆژ ورده‌كارى رێکكه‌وتنى به‌غداو هه‌رێم بۆ رێكخستنى گومرگ و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان ئاشكراده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 29/05/2018‌ :: 673‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
دواى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى، رێكکه‌وتنى نێوان هه‌رێم و حكومه‌تى عێراق بۆ رێکخستنی گومرگ و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان ده‌خرێنه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، وه‌زیرى دارایى هه‌رێمیش ده‌ڵێت "میلاكى كارمه‌ندانى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان ده‌خرێنه‌ سه‌ر به‌غدا".

له‌باره‌ى كاتى جێه‌به‌جێكردنى رێکكه‌وتنى نێوان هه‌رێم و به‌غدا، رێباز حه‌ملان وه‌زیرى دارایى و ئابوورى هه‌رێم راگه‌یاند "سه‌باره‌ت به‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان رێككه‌وتن كراوه‌ كه‌ سه‌رجه‌م میلاكات ‌سه‌ر به‌ به‌غدابن به‌ هه‌مان كارمه‌نده‌كانی ئێستاوه‌".

له‌باره‌ى پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى باڵا بۆ یه‌كخستنی گومرگ له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان و پێناسه‌ و رێنمایی گومرگی و لابردنی خاڵه‌كانی گومرگی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، وه‌زیرى دارایى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، بۆ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریكردنی یه‌كتر رێككه‌وتن كراوه و دواى هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراق ده‌كه‌ونه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

دواى چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌، هه‌ردوو حكومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا رێكکه‌وتن له‌سه‌ر رێكخستنه‌وه‌ى گومرگ و ده‌وازه‌ سنوورییه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك:
_دوای یەکخستنی لیستی بەهای کاڵاکان، پێناسەی گومرگی به‌ سیستەم و هەماهەنگی لە هەرێم جێبەجێ بکرێت.
_یەکخستنی رێنماییەکان و هەڵسوکەوتی گومرگی و بەڵگەنامە پێویستییەکان بۆ رێككاری گومرگی.
_پێداچونەوەو یەکخستنی سەرجەم لێخۆشبوونەکانی گومرگی.
_یەکخستنی رێككاره‌كانى گومرگی بۆ ئاڵتون و کانزا بەنرخەکان.
_یەکخستنی سەرجەم رێنمایی و بڕیارەکانی وەزارەتەکان (ناوەندو هەرێم) پەیوه‌ست بە کاروباری گومرگی وەک.

هاوكات وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى هه‌رێم داواى له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردووه‌، شێوازى رێكخستنه‌وه‌ى گومرگ و كارى وه‌زاره‌ته‌كان بۆ هاورده‌كردنى كه‌لوپه‌له‌كان په‌سه‌ند بكات، دواى په‌سه‌ندكردنى پێشنیاره‌كه‌، له‌مه‌ودا وەزارەته‌كانى هه‌رێم تایبه‌ت به‌ هاوردەکردنی كه‌لوپه‌ل و ئامێرى تایبه‌ت سێكته‌ره‌كانیان ده‌بێت كار به‌ رێنماییه‌ هاوبه‌شه‌كانى گومرگى هه‌رێم و به‌غدا بكات.

له‌وانه‌:
وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى/ هاورده‌كردنى ده‌رمان
وەزارەتی کشتوکال/ رۆژنامەی کشتوکاڵی و بەرهەمەکان و چاودێری ڤێتێنەری.
وەزارەتی پیشەسازی/ پاراستنی بەرهەمەکانی ناوخۆ.
وەزارەتی بازرگانی/ دەرکردنی مۆڵەتی هەناردەو هاووردە.
وەزارەتی ناوخۆ/ هاووردەکردنی ئۆتۆمبێل و ئامێرەکان.
وەزارەتی پلاندانان/ پێوەرەکانی پشکنین و کۆنتڕۆڵی جۆری.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure