په‌رله‌مانى عێراق بڕیاریدا به‌ ژماردنه‌وه‌ى 10%ى ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست

هەواڵ / عێراق :: 28/05/2018‌ :: 1171‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق به‌ ئاماده‌بوونى رێژه‌ى یاسایى په‌رله‌مانتاران بۆ تاوتوێكردنى هه‌ڵبژاردنه‌كان و ده‌رئه‌نجامه‌كانى ده‌ستیپێكرد.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 28ى ئایارى 2018 دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق ده‌ستیپێكرد، سه‌ره‌تا به‌هۆى ته‌واونه‌بوونى رێژه‌ى یاسایى په‌رله‌مانتاران له‌لایه‌ن سه‌رۆكى په‌رله‌مانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ كرا به‌ دانیشتنى (تاوتوێكردن).

به‌ڵام دواتر بڕیارده‌ى په‌رله‌مانى عێراق ته‌واوبوونى رێژه‌ى یاسایى په‌رله‌مانتاران (نیسابى قانونى) راگه‌یاند و ئاشكرایكرد 165 په‌رله‌مانتار ئاماده‌ى دانیشتنه‌كه‌ن و به‌وه‌ش سه‌لیم جبورى، سه‌رۆكى په‌رله‌مان ده‌ستپێكردنى دانیشتنى نائاسایى په‌رله‌مانى راگه‌یاند.

جبورى  وتى، ئه‌م دانیشتنه‌ هه‌وڵێكه‌ پاكڕاگرتنى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن، له‌و گومان و هه‌ڵه‌ و یارپێكردنانه‌ى به‌ ئیراده‌ى خه‌ڵك كراوه‌.

ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد، به‌ به‌ڵگه‌ى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ پێشێلكارى سه‌لمێنراوه‌، ‌كۆى پرۆسه‌كه‌ش خراپ به‌كارهێنراوه‌، گومان له‌سه‌ر كۆى ئه‌نجامه‌كان هه‌یه‌.

جبورى وتیشى، داوا له‌ ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و داواكارى گشتى و ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى و پارێزگارى له‌ رێڕه‌وى دیموكراسى بكه‌ن، هه‌موو لایه‌ك به‌ باشترین شێوه‌ به‌رپرسیارێتى خۆیان هه‌ڵگرن.

دواتر په‌رله‌مان داڕشته‌ى بڕیارێكى په‌سه‌ندكرد كه‌ لیژنه‌ى یاسایى ئاماده‌ى كردبوو و تایبه‌ته‌ به‌ ژماردنه‌وه‌ى 10%ى ده‌نگه‌كان له‌ سه‌رانسه‌رى عێراق و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى وڵات و ده‌نگدانى مه‌رجدارى ئاواره‌بووان له‌ ئه‌نبار و سه‌لاحه‌دین و موسڵ و دیاله‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure