چوار حزبه‌كه‌ به‌ یه‌ك لیست به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى هه‌رێم ده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 28/05/2018‌ :: 4823‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
چوار حزبه‌ ناڕازییه‌كه‌ى هه‌رێم به‌ یه‌ك لیست به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كه‌ن و له‌ په‌رله‌مانى عێراقیش فراكسیۆنێك دروستده‌كه‌ن.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌ ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێك له‌و چوار حزبه‌ به‌ دواڕۆژ دراوه‌ "هه‌رچوار حزبه‌كه‌ (گۆڕان، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانى) بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌یه‌ك لیست به‌شدارى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، پێش كۆتایيهاتنى كاتى هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كه‌، داوا له‌ حزبى شیوعى و بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامیش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى لیسته‌ هاوبه‌شه‌كه‌ بكه‌ن له‌ هه‌رێم".

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، له‌ ئه‌گه‌رى بایكۆت نه‌كردنى پڕۆسه‌ى سیاسى عێراق، هه‌ر چوار حزبه‌كه‌ى هه‌رێم فراكسیۆنێكی هاوبه‌ش پێكده‌هێنن كه‌ ژماره‌ى كورسییه‌كانیان 11 كورسیه‌ له‌ په‌رله‌مانى عێراق.

سه‌لیم كۆیى، به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "چوار لایه‌نه‌كه‌ بڕیار و قسه‌یان به‌ شێوه‌یه‌كه‌ ئه‌گه‌ر بایكۆتمان نه‌كرد، ئه‌وا هه‌ر چوار لایه‌نه‌كه‌ فراكسیۆنێكى هاوبه‌ش پێكبهێنین، بۆ په‌رله‌مانى كوردستانیش به‌یه‌ك لیست دابه‌زین، بۆ ئه‌وه‌ى رێگربین له‌ ساخته‌كارى هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێم".

له‌باره‌ى سه‌ردانى شاندى چوار لایه‌نه‌كه‌ بۆ به‌غدا، سه‌لیم كۆیى وتى "تاكو ئه‌نجامى تانه‌كانمان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ به‌ڕه‌سمى بۆ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ردانى به‌غدا ناكه‌ین".

له‌باره‌ى به‌شدارى حزبى شیوعى و بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى كوردستان له‌ لیستی هاوبه‌شی چوار حزبه‌كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌و به‌رپرسه‌ى كۆمه‌ڵ وتى "ئه‌و دوو لایه‌نه‌ كورسیان له‌ به‌غدا نییه‌، به‌ڵام بۆ هه‌ڵبژاردنى هه‌رێم ئه‌گه‌ر به‌شداربن له‌گه‌ڵ چوار لایه‌نه‌كه‌، ئه‌وا كاریگه‌رى باشى ده‌بێت".

دواى راگه‌یاندنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى عێراق، شه‌ش لایه‌نى هه‌رێم تانه‌یان له‌ ئه‌نجامه‌كاندا و رایانگه‌یاند، دزى له‌ ده‌نگه‌كانیان كراوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure